تەرمی کۆڵبەرێکی شاری کامێران-ی ڕۆژهەڵات کە بەهۆی سەرما ڕەق بۆتەوە لەنزیک پێنجوێن دۆزرایەوە
تەرمی کۆڵبەرێکی شاری کامێران-ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بەهۆی سەرما ڕەق بۆتەوە لەنزیک پێنجوێن دۆزرایەوە.
ڕێکخراوەی کوردپا-ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕایگەیاندووە، شەوی پێنجشەممە 30ـی 1ـی 2025، تەرمی کۆڵبەرێک بە ناوی "مەهیار سەفەری" کە بەهۆی سەرمایەوە لەسنووری مەریوان گیانی لەدەستدابوو، لەلایەن خەڵکەوە دۆزرایەوە.
بەگوێرەی هەواڵە خۆجێیەکان، ئەم کۆڵبەرە بەهۆی بەربوونەوە لە بەرزایی بەسەختی برینداربووە و توانایی جووڵەکردنی نەماوە و بەهۆی سەرمایەوە گیانی لەدەستداوە.
تەرمی ئەم کۆڵبەرە بۆ پزیشکی دادوەریی شاری سلێمانی گوازراوەتەوە و تاکوو ئێستا ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوە.
بەگوێرەی لێدوانی کەسوکاری مەهیار سەفەری، ئەم کۆڵبەرە شەوی دووشەممە 27ـی 1ـی 2025، لەکاتی کۆڵبەریدا لە سنووری "هەنجیران"ـی مەریوان ون ببوو.
مەهیار سەفەری تەمەن 21 ساڵ، خەڵکی شاری کامێران-ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە، لەڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو تەرمەکەی دۆزرایە، دوای گیان لەدەستدانی لەکاتی کارکردنی لە کۆڵبەری، تەرمەکەی ڕەوانەی پزیشکی دادی سلێمانی کراوە و بڕیارە تەرمەکەی بگوازێتەوە بۆ زێدی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
