تەقینەوەیەکی بەهێز لە بەندەر عەباسی ئێران ڕووی دا
ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێران بڵاوی کردەوە، تەقینەوەیەکی بەهێز لە بەندەر عەباسی باشووری ڕۆژئاوای ئێران ڕووی داوە.
ئەمڕۆ شەممە 26ـی نیسانی 2025، ئاژانسەکانی هەواڵی ئێرانی بڵاویان کردەوە، تەقینەوەیەکی بەهێز کە گوندەکانی دەورووبەریشی لەگەڵ هەژاندووە، لە بەندەری شەهید ڕەجایی بەندەر عەباس، لە باشووری ڕۆژئاوای ئێران ڕووی داوە و زیانێکی زۆری بە بەندەرەکە گەیاندووە.
ئاژانسەکان ئاماژە بەوە دەکەن، سەرباری هەوڵەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگری تەقینەوەکە، لێکۆڵینەوەکان بۆ هۆ و شێوەی تەقینەوەکە دەستی پێ کردووە.
بەپێی زانیارییەکانی میدیاکانی ئێران، تەقینەوەکە لە ئەمبارەکانی سووتەمەنی بەندەرە ڕوویداوە و تیمەکانی وەڵامدانەوەی خێرا بەپەلە گەیشتوونەتە شوێنی تەقینەوە و ئاگرکەوتنەوەکە.
ئاژانسەکانی هەواڵی ئێران ئاشکرایان کردووە، تەواوی جموجۆڵ و چالاکییەکانی بەندەرەکە ئێستا ڕاگیراون بۆ ئەوەی تیمەکانی فریاگوزاری و وەڵامدانەوەی خێرا ئەرکەکانیان بێ ئاستەنگ و بەربەستتی ڕابپەڕێنن، ئاشکراشیان کردووە.
دامەزراوە فریاگوزارییەکانی ئێران بڵاویان کردەوە، تا ئێستا 516 برینداری تەقینەوەکەی بەندەر عەباس گەیەندراونەتە نەخۆشخانەکان.
تەلەڤزیۆنی ئێران ڕایگەیاندووە، تەقینەوەکە لە زبڵدانێکی بەندەرەکە دروستبووە کە تا ئێستا نازانین زبڵدانەکە چی تێدا بووە.
بەڕێوەبەرایەتی گومرگی ئێران گوتی: پێمان وایە تەقینەوەکە لە کۆگایەکدا ڕوویداوە کە ماددەی مەترسیدار و کیمیایی تێدایە لە بەندەرەکەدا.
بەڕێوەبەری بەندەر عەباس دەڵێت: هێشتا ژمارەیەک فەرمانبەر لە ژێر سەقفە ڕووخاوەکاندا گیریان خواردووە، ئێمەش هەوڵی ڕزگارکردنیان دەدەین.
