تەندروستی: کوتانی دژی هارە بەردەستە
ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی تەندروستی، بەردەستبوونی مەڵحەم و ڤاکسینی دژە هاری سەگ لە هەموو دامەزراوە تەندروستییەکاندا ڕاگەیاند، لە کاتێکدا هۆشداری دا لە مەترسی ئەم نەخۆشییە ڤایرۆسییە کوشندەیە و ئاماژەی بەوە کرد کە خۆپاراستن لەم نەخۆشییە تەنها لە کاتژمێرەکانی سەرەتای برینداربووندا دەکرێت.
سەیف بەدر، وتەبێژی وەزارەت بەپێی ئاژانسی هەواڵی فەرمی کەموتەڵع بەدواداچوونی بۆ کردووە ڕایگەیاند: "نەخۆشی هاری نەخۆشییەکی ڤایرۆسی کوشندەیە، مەرج نییە هەموو سەگێک تووشبوو بێت، بەڵام سەلامەتی تەندروستی وا دەخوازێت کە هەر گازگرتنێکی سەگ وەک حاڵەتێکی کتوپڕ (تەوارێ) ئەژمار بکرێت و پێویستە دەستبەجێ سەردانی نزیکترین بنکەی تەندروستی بکرێت."
ڕوونیشیکردەوە، "چارەسەری خۆپارێزی لە نەخۆشی هاری بە چەند قۆناغێکدا تێدەپەڕێت، بە پاککردنەوەی وردی برینەکە دەست پێدەکات، پاشان کوتانی ڤاکسین یان مەڵحەمی دژە هاری، کە ژەمە (جرعة) یەکەم لە ماوەی چەند خولەکێک یان کاتژمێرێکی کەم لە دوای پێکانەکە دەدرێت، دواتر بە خشتەیەکی تایبەت دوای 3 ڕۆژ، و دوای هەفتەیەک، پاشان دوای دوو هەفتە، و لە کۆتاییدا دوای زیاتر لە 20 ڕۆژ، لەژێر چاودێری تیمێکی پزیشکی پسپۆڕدا."
ئاماژەی بەوەش کرد، "ڤایرۆسی هاری زۆر مەترسیدارە و هیچ چارەسەرێکی نییە لە ناوەوە یان دەرەوەی عێراق دوای دەرکەوتنی نیشانەکان، ڕێژەی مردن دەگاتە ش100% ئەگەر چالاکی ڤایرۆسەکە لەناو جەستەی مرۆڤدا دەست پێبکات،" ڕاشیگەیاند کە "خۆپاراستن تەنها لە کاتژمێرەکانی سەرەتای دوای گازگرتنەکە دەکرێت."
باسی لەوەش کرد کە "توشبوو ڕەنگە نیشانەکانی وەک کۆکە، وەهم (هلوسة)، هەوکردنی مێشک، و ترس لە ئاو (hydrophobia)ی تێدا دەرکەوێت و لە ماوەی چەند ڕۆژێکی کەمدا گیان لەدەست بدات،" ئاماژەی بەوەش کرد کە "زۆربەی سکاڵاکان لە وەزارەتی تەندروستی بەهۆی پشتگوێخستنی سەردانی بنکە تەندروستییەکانە دوای گازگرتنەکە، بەتایبەت ئەگەر برینەکە سادە بێت، و دوای دەرکەوتنی نیشانەکان سەردانی نەخۆشخانە دەکەن کە ئەو کاتە هیچ چارەسەرێک نییە."
سەبارەت بە دیاردەی سەگی بێلانە، بەدر دووپاتی کردەوە کە "بەرەنگاربوونەوەی ئەمانە بەرپرسیارێتی وەزارەتی تەندروستی نییە، بەڵکو لە چوارچێوەی ئەرکی لیژنە ناوخۆییەکانی هەر پارێزگایەکدایە بە سەرۆکایەتی پارێزگار، و ئەندامییەتی شارەوانی بەغداد، لایەنە ئەمنییەکان، وەزارەتی کشتوکاڵ، و فەرمانگەی ڤێتێرنەری."
دووپاتیشی کردەوە، "ڤاکسین و مەڵحەمی دژە هاری لە هەموو دامەزراوە تەندروستییەکان بەردەستە، بەتایبەت لە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانە سەرەکییەکان لە بەغداد و پارێزگاکان."
لەکۆتاییدا بەدر داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد "هەوڵەکانیان چڕتر بکەنەوە بۆ چارەسەرکردنی دیاردەی سەگی بێلانە،" و ئاماژەی بەوە کرد کە "ئەو حاڵەتانەی بە فەرمی وەک تووشبووی هاری لە عێراق تۆمار کراون، ژمارەیان سنووردارە."
ڕوونیشیکردەوە، "وەزارەت مامەڵە لەگەڵ هەر گازگرتنێکی سەگدا دەکات وەک ئەوەی ئەگەری گواستنەوەی نەخۆشییەکەی لێبکرێت و دەستبەجێ ڕێکارە خۆپارێزییە پێویستەکان دەگرێتەبەر،" هەروەها هۆشداریشی دا لە "تێکەڵکردن لەنێوان برینداربوون بە گازگرتنی سەگ و تووشبوونی ڕاستەقینە بە نەخۆشی هاری (داء الكلب)."
