جێگری سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران گەیشتە عێراق
ئەمڕۆ سێشەممە،دادوەر ناسر سیراج جێگری سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری ئێران بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە عێراق.
بەشی ڕاگەیاندنی دادوەری لە بەیاننامەیەکدا کە دەستی موتەڵع کەوتووە، ڕایگەیاندووە، "دادوەر لەیس جابر، سەرۆکی دەستەی سەرپەرشتیاری دادوەری پێشوازی لەمدادوەر ناسر سیراج جێگری بەرپرسی دەسەڵاتی دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ کاروباری نێودەوڵەتی کرد".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، "سەردانی جێگری سەرۆکی دادوەری بۆ کاروباری نێودەوڵەتی بۆ بەغدا بە یاوەری شاندێکی باڵای دادوەری لە چوارچێوەی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی دادوەری دێت کە لە نێوان ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و دەسەڵاتی دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێران ئەنجامدرا".
ڕاگەیەندراوەکە دووپاتیشیکردەوە کە لە پێشوازییەکەدا دادوەر ڕەزاق گاتع سەرپەرشتیاری دادوەری و دادوەر عادل خدیر سەرپەرشتیاری دادوەری و لەتیف حسێن داواکاری گشتی ئامادەبوون.
