جێگری سەرۆکی ڤەنزوێلا: ملکەچی ئەمەریکا نابین
دێلسی ڕۆدریگێز، جێگری سەرۆکی ڤەنزوێلا، لە یەکەم دەرکەوتنی دوای هێرشەکەی ئەمەریکا، بە توندی ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە گوایە ملکەچی ئیدارەی ترەمپ بووە و هۆشداری دا کە ئامادەن جەنگ بکەن لەپێناو پاراستنی نەوت و سامانی وڵاتەکەیان.
دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند کە ئەمەریکا بەنیازی بەڕێوەبردنی ڤەنزوێلا و دەستگرتنە بەسەر یەدەگە نەوتییە زەبەلاحەکەیدا، ڕۆدریگێز لە وتارێکی ڕاستەوخۆی تەلەفزیۆنیدا بە هەڕەشەوە وەڵامی دایەوە: ئێمە ئامادەین بۆ بەرگریکردن لە ڤەنزوێلا و بەرگریکردن لە سامانی سروشتیی وڵاتەکەمان.
ڕۆدریگێز، کە بەپێی دەستوور جێگرەوەی سەرۆکە، ئۆپەراسیۆنەکەی سوپای ئەمەریکای بە فڕاندن ناو برد و گوتی: داوای ئازادکردنی دەستبەجێی نیکۆلاس مادورۆ و سیلیا فلۆریسی هاوسەری دەکەین. تەنیا نیکۆلاس مادورۆ سەرۆکی ڤەنزوێلایە.
ڕۆدریگێز بە تەواوی ئەو قسەیەی ترەمپی ڕەتکردەوە کە گوتبووی جێگری سەرۆک سوێندی خواردووە و کارمان لەگەڵ دەکات و ڕایگەیاند: ڤەنزوێلا هەرگیز نابێتە داگیرکاری هیچ وڵاتێک. داواشی لە خەڵکی وڵاتەکەی کرد کە ئارام بن و یەکگرتوو بن لەپێناو بەرگریکردن لە نیشتمانەکەیان.
دێلسی ڕۆدریگێز بە تەنیا دەرنەکەوت، بەڵکوو هەریەک لە خۆرخێ ڕۆدریگێزی برای سەرۆکی پەرلەمان، دیۆسدادۆ کابیۆ وەزیری ناوخۆ و و وەزیرانی دەرەوە و بەرگری لە دەوری کۆببوونەوە، وەک پەیامێک کە حکوومەتی مادورۆ هێشتا کۆنترۆڵی ماوە و هەڵنەوەشاوەتەوە.
