جەبار یاوەر: عێراق گومانی هەیە کە هاووڵاتی ئێرانی و سوری و تورکی لەنێو هێزە ئەمنییەکانی هەرێمدا هەبن
ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، حکومەتی عێراق دەیەوێت لە ڕێگەی پەنجەمۆرەوە ژمارە و ناسنامەی کارمەندە ئاسایشییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بزانێت و گومانی بۆ دروستکراوە کە هاووڵاتی ئێرانی و سوری و تورکی لەنێو هێزە ئەمنییەکانی هەرێمدا هەبن.
جەبار یاوەر، ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "هەرێم هەفتەی ڕابردوو کۆدی دامودەزگا ئەمنییەکانی ناردووە و عێراق مووچەی نەناردووە، عێراق دەیەوێت لە ڕێگەی پەنجەمۆرەوە مووچە بدات و دواتر پەنجەمۆرەکان لەگەڵ ئەو پەنجەمۆرانە بەراورد بکات کە لە دامودەزگا عێراقییەکانی وەکو ڕەگەزنامە تۆمارکراون".
هەروەها دەشڵێت، "عێراق لەسەر بنەمای هەندێک قسە کە پێیگەیشتووە گومانی هەیە گوایە دامودەزگا ئەمنی و سەربازییەکانی هەرێم خەڵکانی ئێرانی و سوری و تورکی تێیاندا هەبێت و بەدوای ئەمەدا دەگەڕێت".
ئەمە لە کاتێکدایە وەزارەتی دارایی عێراق تا ئێستا بڕی 608 ملیار دیناری بۆ مووچەی مانگی دووی مووچەخۆرانی هەرێم ڕەوانە کردووە بەڵام حکومەتی هەرێمی ماوەبەسەرچوو بە بیانووی نەناردنی مووچەی دامودەزگا ئەمنی و سەربازییەکانی لەلایەن عێراقەوە ئەو بڕە پارەیەی بۆ مووچە خەرج نەکردووە.
