جەختکردنەوەی حکومى بۆ بەردەوامی نۆژەنکردنەوەی ناوچە کۆنەکانی بەغدا و پاراستنی میراتی تەلارسازی
سەرۆک وەزیران محەمەد شیاع سودانی، ئەمڕۆ یەکشەممە، جەختی لەسەر بەردەوامی نۆژەنکردنەوەی ناوچە کۆنەکانی بەغدا و شوێنەوارە نەممرەکانی و پاراستنی کەلەپووری تەلارسازی کردەوە، ئاماژەی بەوەش کرد کە دووبارە ئاوەدانکردنەوەی کەنیسەی قەشە کریکۆری ئەرمەنییە ئەرسۆدۆکسەکان گوزارشت لە هەمەجۆری و پێکەوەژیان لە عێراقی نوێدا دەکات.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیران لە راگهیندراوێكدا كهدەستی ئاژانسی ههواڵی موتەڵع کەوتووە تێیدا ڕایگەیاند: "سەرۆک وەزیران محەمەد شیاع سودانی، کەنیسەی قەشە کریکۆری ئەرمەنییە ئەرسۆدۆکسەکانی لە ناوەڕاستی بەغدا دوای نۆژەنکردنەوەی کردەوە، ئەوەش بە بۆنەی نزیکبوونەوەی جەژنەکانی لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح (سڵاوی خوای لێبێت)."
له راگهیندراوهكه ئاماژە بەوەش كراوه كه: "سودانی گەشتێکی بەناو هۆڵ و بەشەکانی کەنیسەکەدا کرد بۆ بەدواداچوونی پرۆسەی نۆژەنکردنەوەی هەمەلایەنەی ئەم شوێنە گرنگە. لە وتارێکیشدا خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بۆ ئامادەبوونی لەم ناوەندە ئایینییە و ڕایگەیاند کە بینای ئەم کەنیسەیە شایەتە لەسەر ئەو قوربانییە بێتاوانانەی لە گۆڕەپانی تەیەران (ساحة الطيران) لەلایەن تیرۆرەوە کرانە ئامانج، کە عێراقییەکی بێتاوان و ئاشتیخواز بوون."
بەپێی راگهیندراوهكه سودانی ڕوونی کردەوە: "ئاوەدانکردنەوەی کەنیسەکە گوزارشت لە هەمەجۆری و پێکەوەژیان لە عێراقی نوێدا دەکات، هەنگاوێکیشە بۆ زیندووکردنەوەی شکۆی بەغدا و پاراستنی شوێنەوار و مێژووی شارستانی و ڕۆشنبیرییەکەی. هەروەها نۆژەنکردنەوەی کەنیسەکە پابەندی و ئەرکێکە بەرامبەر بە پێکهاتەیەکی ڕێزداری گەلەکەمان." سوپاسی هەموو ئەو هەوڵانەشی کرد کە لە پرۆسەی نۆژەنکردنەوەکەدا بەشدار بوون و دووپاتی کردەوە کە حکومەت بەردەوام دەبێت لە نیشاندانی ڕوخسارە مێژووییەکەی بەغدا لە ڕێگەی زیندووکردنەوەی نیشانە تەلارسازییەکانیەوە.
سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەش کرد: "کارەکان بۆ نۆژەنکردنەوەی ناوچە کۆنەکانی بەغدا و شوێنەوارە نەممرەکانی بەردەوامن، و بەردەوام دەبین لە پاراستنی کەلەپووری تەلارسازیی بەغدای گەشاوە بە کەنیسە، مزگەوت و بینا مێژووییەکانی." جەختیشی کردەوە کە "بە فەزڵی خوێنی شەهیدانمان لە هەموو پێکهاتەکان، لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بە سەرکەوتوویی و یەکگرتوویی هاتینە دەرەوە و بەرەو ئاوەدانکردنەوەی وڵات و بەدیهێنانی ڕێنسانسێکی ئابووری و گەشەپێدان هەنگاومان ناوە."
لە کۆتایی راگهیندراوهكه هاتووە: "کەنیسەی قەشە کریکۆری ئەرمەنییە ئەرسۆدۆکسەکان گەورەترین و فراوانترین پرۆسەی نۆژەنکردنەوەی بەخۆوە بینی لەو کاتەوەی لە ساڵی 1957 دروستکراوە، ئەمەش بە ئامانجی زیندووکردنەوەی ئەم شوێنەوارە ئایینی و کەلەپوورییە."
