حاكم قادر:،بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدڕاڵی بۆ چاره‌سه‌ری قه‌یرانی موچه له هه‌رێم بڕیارێكی گرنگه و له‌به‌رژه‌وه‌ندی موچه‌خۆرانه
حاكم قادر حه‌مه‌جان ڕایگه‌یاند، بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدڕاڵی بۆ چاره‌سه‌ری قه‌یرانی موچه له هه‌رێم بڕیارێكی گرنگه و له‌به‌رژه‌وه‌ندی موچه‌خۆرانه، به‌ڵام له‌وه گرنگتر ئه‌وه‌یه كارئاسانی بۆ جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كه بكرێت، نه‌ك هه‌رێم و عێراق هه‌ریه‌كه و تۆپه‌كه هه‌ڵبده‌نه گۆڕه‌پانی یه‌كدییه‌وه.
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی نوسینگه‌ی راگه‌یاندنه‌كه‌ی، ئه‌مڕۆ حاكم قادر حه‌مه‌جان به‌شداری له سیمینارێكی یاسایی كرد كه بۆ پارێزه‌ران و خوێندكاران و لاوان و گه‌نجان سازكرابو و ڕایگه‌یاند، "جێبه‌جێكردنی یاسا به‌دادپه‌روه‌ری به‌سه‌ر هه‌مواندا زامنی تێپه‌ڕاندنی قه‌یرانه‌كانی ئێستای هه‌رێمی كوردستانه، به پێچه‌وانه‌وه ده‌ستێوه‌ردان و جێبه‌جێنه‌كردنی یاسا و نادادپه‌روه‌ری له جێبه‌جێكردنی یاساكاندا وا ده‌كات قه‌یرانی گه‌وره‌تر له هه‌رێم دروست بێت".
سه‌باره‌ت به بڕیاره‌كانی دادگای فیدڕاڵی له‌سه‌ر پرسی موچه، حاكم قادر باسی له‌وه‌كرد، "بڕیاره‌كه له به‌رژه‌وه‌ندی موچه‌خۆرانی هه‌رێمه و واده‌كات كه قه‌یرانی موچه له بنه‌ڕه‌ته‌وه چاره‌سه‌ر بكرێت، به‌ڵام له‌وه گرنگتر ڕێكاره‌كانی جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كه‌یه و ناكرێت پرسی كردنه‌وه‌ی هه‌ژماری بانكی له ماوه‌ی مانگێكدا بخرێته ئه‌ستۆی هه‌رێم، كه به وته‌ی شاره‌زایانی بواره‌كه ئه‌و پرسه ماوه‌ی درێژتری پێویسته، بۆیه ئه‌گه‌ر هه‌نگاوێكی له‌و شێوه‌یه‌ش بنرێت، پێویسته هه‌رێم و به‌غدا پێكه‌وه ڕێكارێكی خێرا بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و پرسه بدۆزنه‌وه، كه هه‌رچۆنێك بێت گرفت بۆ موچه‌ی موچه‌خۆرانی هه‌رێم دروست نه‌بێت".
حاكم قادر وتیشی، "ئه‌م هه‌لومه‌رجه‌ی هاوپه‌یمانان و دۆسته‌كانمان بۆیان ڕه‌خساندوین نابێت له‌ده‌ستی بده‌ین و كاربكه‌ین بۆ پارێزگاریكردن له ده‌ستكه‌وته‌كانمان، ئه‌وه‌ش به پارێگاریكردن ده‌بێت له ئازادی و دیموكراسی له هه‌رێم".
حاكم قادر باسی له هه‌ڵبژاردنه‌كان كرد و رونیكرده‌وه، "ناكرێت و قبوڵكراو نابێت كه له‌وه زیاتر هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان و ئه‌نجومه‌نه‌كانی پارێزگاكان و شاره‌وانییه‌كان دوابخرێن و پێویسته سه‌ر له‌نوێ دامه‌زراوه‌كانی هه‌رێم به‌هێزبكرێنه‌وه و متمانه‌ی خه‌ڵك وه‌ربگرنه‌وه و دواتریش به خێرایی كار بۆئه‌وه بكرێت هه‌رێم ببێته خاوه‌نی ده‌ستورێكی مۆدێرن، كه بنه‌ماكانی مافی مرۆڤ و دیموكراتی بنچینه‌كه‌ی پێكبهێنن".
