حسێن موئنيس: قەیرانی مووچە لە وڵاتدا شکستی ئیدارییە نەک دارایی
حسێن موئنیس، پەرلەمانتاری عێراق، سەرۆکی بزووتنەوەی حقوق، ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕەخنەی لە دواکەوتنی خەرجکردنی مووچەی خانەنشینان و فەرمانبەران گرت و ئاماژەی بەوەدا، قەیرانی ئێستا ڕەنگدانەوەی "کورتهێنانی دارایی" نییە، ئەوەندەی کەموکورتی ئیداری و خراپ بەڕێوەبردنی دامەزراوە داراییەکان ئاشکرا دەکات.
لە لێدوانێکدا کە لە هەژماری فەرمی خۆی لە پلاتفۆرمی "X" بڵاویکردۆتەوە،و "موتەڵع"بەدواداچوونی بۆ کردووە، موئنیس دەڵێت: "وڵاتێک کە بودجەی زیاتر لە 200 ترلیۆن دینار بێت و توانای دەستەبەرکردنی مووچەی هاووڵاتیانی لەکاتی خۆیدا نەبێت، مانگانە ڕووبەڕووی تەحەددایەک دەبێتەوە کە پێی دەوترێت مووچە". جەختیشی کردەوە کە: "ئەو قەیرانە دەرئەنجامی ئەو سەرلێشێواوییەیە کە وەزارەتی دارایی و بانکی ناوەندی عێراق تووشیان بووە، ئەمە جگە لەوەی بە پەراوێزخستنی ڕۆڵی ئەنجومەنی نوێنەران لە چاودێری و لێپرسینەوە وەک خۆی ئاماژەی پێکرد ".
ئەم لێدوانە لەکاتێکدایە زیاتر لە ملیۆنێک و 200 هەزار خانەنشین لە عێراق چاوەڕوانی چارەسەری قەیرانی مووچەکانیانن، ئەوەش دوای ئەوەی وەزارەتی دارایی ڕایگەیاند، پارەدان "تا کاتێکی نادیار" دوادەخرێت. ڕوونکردنەوە فەرمییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هۆکارەکە هۆکارێکی "تەکنیکی"یە کە پەیوەندی بە سیستەمی پارەدان و حەواڵەی بانکییەوە هەیە، نەک کەمیی نەختینەیی.

