حکومەت ڕێنمایی دەدات بە تەواوکردنی پڕۆژەکان و پابەندبوون بە کوالێتییەوە
ئەمڕۆ یەکشەممە"محەممەد شیاع سودانی"سەرۆک وەزیران،ڕێنمایی تیمی هەوڵە خزمەتگوزاری و ئەندازیارییەکانی کرد بە پێویستیی تەواوکردنی پڕۆژە بەردەوامەکان و پابەندبوون بە کوالێتی و پەیڕەوکردنی شەفافیەت لە کارەکاندا.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە ڕاگەیەندراوێکدا کە دەستی ئاژانسی هەواڵی موتەڵع کەوتووە، تیایدا هاتووە : ئەمڕۆ یەکشەممە "محەممەد شیاع سودانی"سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی تیمی هەوڵە خزمەتگوزاری و ئەندازیارییەکانی کرد،ولە میانی کۆبوونەوەکەدا، جێبەجێکردنی ڕێژەی پڕۆژەکانی ساڵی 2025 بەپێی ئەو پلانەی پێشوەختە داڕێژراوە و لەژێر ڕۆشنایی تەرخانکردنی پارە بۆ هەر کەرتێکی خزمەتگوزاری یان وەزارەتێک لە بەغداد و پارێزگاکان تاوتوێکرا، هەروەك گفتوگۆ و پێداچوونەوە بە پلانی تیمەکە بۆ ساڵی 2026 کرا.
بەگوێرەی ناوەرۆکی راگەیەندراوەکە : سەرۆک وەزیران،دەستخۆشی لە کار و هەوڵەکانی تیمەکە کرد لە جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژانەی کە ئەو ناوچانەیان کردووەتە پێوەر کە پێشتر هیچ خزمەتگوزارییەکی دەوڵەت یان فەرمانگەیەکی شارستانییان پێنەگەیشتبوو، هەروەها توانیویانە لە ماوەی تەمەنی حکومەتدا خزمەتگوزاری پێشکەش بە نزیکەی 5 ملیۆن هاوڵاتی بکەن.
هەر بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە : "سودانی" ڕێنماییدا بە پێویستیی تەواوکردنی پڕۆژە بەردەوامەکان و گونجاندنیان لەگەڵ دۆخی دارایی ساڵی 2026،هەروەها جەختی لەسەر پابەندبوون بە کوالێتی و پەیڕەوکردنی شەفافیەت لە کارکردندا کردەوە.
