حکومەتی عێراق لە یەکەم دانیشتنی ساڵی ٢٠٢٦دا ژمارەیەک بڕیاری ستراتیژی دەردەکات
ئەنجومەنی وەزیران لە دانیشتنەکەیدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە بەڕێوەچوو، ژمارەیەک بڕیاری دەرکرد و دیارترینیان بریتییە لە ڕاگەیاندنی پشووی فەرمی لە شاری بەغدای پایتەخت لە ڕۆژی پێنجشەممەی هەفتەی داهاتوو، بەبۆنەی یادکردنەوەی شەهیدبوونی ئیمام موسا بن جەعفەر کازم (سەلامی خوایان لێ بێت).
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیران لە بەیاننامەیەکدا کە دەستی ئاژانسی هەواڵی موتەڵع کەوتووه، دەڵێت: "محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیران، ئەمڕۆ چوارشەممە سەرۆکایەتی یەکەمین دانیشتنی ئاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی کرد بۆ ساڵی ٢٠٢٦، کە تێیدا گفتوگۆ لەسەر دۆخی گشتی وڵات کرا و ژمارەیەک دۆسیە تاوتوێ کران، هەروەها ئەو بابەتانە خرانەڕوو کە لە خشتەی کارەکاندا هاتوون و بڕیار و ڕاسپاردەیان لەبارەوە دەرکرا".
ئەوەشی خستەڕوو: "ئەنجومەنەکە بڕیاریدا ڕۆژی پێنجشەممە، ١٥ی کانونی دووەمی ٢٠٢٦، لە بەغداد پشووی فەرمی بێت بەبۆنەی یادکردنەوەی شەهیدبوونی ئیمام موسا بن جەعفەر کازم (سەلامی خوایان لێ بێت)".
سەرۆک وەزیران ڕێنمایی دا بە "پەسەندکردنی ڕاسپاردەی لیژنەی ناوەندی بۆ پێداچوونەوە و پەسەندکردنی سپاردن لە وەزارەتی کارەبا سەبارەت بە (الاعتماد المستندي) بۆ پڕۆژەی وێستگەی کارەبای سەڵاحەدین – کۆمپانیای (CMEC)ی چینی، و یەکلاکردنەوەی ئەو بڕە پارانەی شایستەن بۆ کارپێکردن و چاککردنەوە و وزەی بەرهەمهێنراو، کە لەلایەن کۆمپانیای ناوبراوەوە بۆ ساڵانی (٢٠٢١– ٢٠٢٢– ٢٠٢٣) ئەنجام دراون و وردەکارییەکانی لە نووسراوی وەزارەتی کارەبا لە ٢٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥دا جێگیر کراون، لە بەرامبەر غەرامەکانی دواکەوتن، جگە لە زیادکردنی بڕی تێبینییە ماوەکان کە لەسەر کۆمپانیاکە تۆمار کراون".
لە هەمان کەرتدا، نوسینگەکە جەختیکردەوە: "ڕاسپاردەی ئەنجومەنی وەزاری بۆ وزە پەسەند کرا سەبارەت بە نوێکردنەوەی گرێبەستی کڕینی وزە بۆ وێستگەی وەبەرهێنانی شەعیبە لەگەڵ کۆمپانیای (GOLD POWER)، بۆ ماوەی یەک ساڵ، بە هەمان مەرجەکانی گرێبەستە ئەسڵییەکە و پاشکۆکانی".
لە بواری نەوتیشدا، نووسینگەکە ئاماژەی بەوە دا کە "ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا کۆمپانیای نەوتی بەسرە بەڕێوەبردنی پرۆسە نەوتییەکان لە کێڵگەی ڕۆژئاوای قورنە ٢ بگرێتە ئەستۆ، بەو ئەندازەیەی کە لەگەڵ حوکمەکانی گرێبەستی خزمەتگوزاری و پەرەپێدان دەگونجێت، هەروەها کارکردن بۆ بەدەستهێنانی ڕەزامەندییە یاساییە پێویستەکان بۆ پارەدارکردنی پرۆسە نەوتییەکان لە ڕێگەی هەژماری کێڵگەی مەجنونەوە، ئەوەش لە ڕێگەی بەهێزکردنی هەژمارەکە بە فرۆشتنی بارە نەوتییە فرۆشراوەکان لەلایەن کۆمپانیای سۆمۆوە".
رونیشیكردەوە: "ئەنجومەنەکە هەموارکردنەوەی بڕیاری (٧٢٦ی ساڵی ٢٠٢٥)ی پەسەند کرد، بۆ ئەوەی بەدەرکردنی (استثناء) کۆمپانیاکانی سەر بە وەزارەتی نەوت لە هەردوو شێوازی تاکە تەندەر و گرێبەستی راستەوخۆ بگرێتەوە، بە مەبەستی گرێبەستکردن لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییە بەڵێندەرەکان (کۆمپانیای دۆزینەوە نەوتییەکان، کۆمپانیای پڕۆژە نەوتییەکان، کۆمپانیای گشتی بۆ کەرەستە ئەندازیارییە قورسەکان، و کۆمپانیای گواستنەوەی نەوتی عێراقی)، بە مەرجێک جێبەجێکردنی گرێبەستەکە تەنها لەلایەن کۆمپانیاکەوە بێت، و ئەم بەدەرکردنەش بۆ ماوەی یەک ساڵ لە بەرواری دەرچوونی بڕیارەکەوە کاری پێ دەکرێت". ڕوونیشیکردەوە: "ئەنجومەنی وەزیران ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر پێدانی دەسەڵات بە دەستەی نیشتمانیی وەبەرهێنان بۆ دەرکردنی مۆڵەتی وەبەرهێنان بە مەبەستی دروستکردنی کۆمەڵگە بۆ فەرمانگە دادوەرییەکانی سەر بە وەزارەتی داد لە بەغدا و پارێزگاکان".
ئاماژەی بەوەش دا: "ڕەزامەندی درا لەسەر جێبەجێکردنی بەرنامەی کۆماری عێراق (٢٠٢٦-٢٠٣٠)، کە لە نێوان وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکان و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەشەپێدانی پیشەسازی (UNIDO) واژۆ کراوە، بەپێی یاسای گرێبەستکردنی پەیماننامەکان (٣٥ی ساڵی ٢٠١٥)".
