حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران داوایەک ئاڕاستەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان دەکات
ڕاگەیاندراوی ناوەندی بەڕێوەبەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەبارەی گرژییەکانی نێو ڕیزەکانی کۆمەڵەوە: "بەداخ و نیگەرانییەکی زۆرەوە سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، ڕەوتی گرژییەکان کێشاویەتە هێرشبردن و تەقەکردن کە لە ئاکامدا دوو هاوڕیی کۆمەڵە گیانیان لەدەست داوە و برینداریشی لێ کەوتۆتەوە".
لەو پێوەندییەدا حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای دەربڕینی ئەوپەڕی ناڕەحەتی و نیگەرانیی خۆی لەو ڕووداوە کە لەو هەلومەرجە هەستیارەدا هاتۆتە گۆڕێ، داوا لە لایەنە ناکۆکەکان دەکا دان بە خۆیاندا بگرن و ڕێگا نەدەن دۆخەکە لەوە تاڵتر و ئاڵۆزتر بێ، چونکە ئەوەی ڕوویدا نە لە بەرژەوەندیی کۆمەڵە و نە لە بەرژەوەندیی بزووتنەوەی کورددایە و نە ڕێگاچارەیەکی شیاو بۆ چارەسەری مەسەلەکانە.
لە ڕاگەیەندراوەکەی دێموکرات هاتووە، "حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پێناو هێورکردنەوەی دۆخەکە و پێشگرتن لە هەر جۆرە ئاڵۆزێیەکی دیکە ئامادەیی خۆی دەردەبڕێ، و بە هیوای هەستکردن بە بەرپرسایەتیی زیاتر و دڵسۆزانەی هەموو لایەک".
