حیزبی دەعوە داوای هەڵوێستی لەچوارچێوەی هەماهەنگی کرد هەمبەر دەستێوەردانی ترەمپ
ئەمڕۆ چوارشەممە، حیزبی دەعوەى ئیسلامی داوای هەڵوێستی لەچوارچێوەی هەماهەنگی کرد هەمبەر دەستێوەردانی ترەمپ، دووپاتیشیکردەوە: کە سەروەری و سەربەخۆیی عێراق پێویستی بە ڕێزگرتنە لە بژاردەی سیاسی گەلەکەی.
حزبی دەعوە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی، وەک شایستەیەکی دەستووری و دیموکراسی بۆ خۆی، مافی یاسایی و سیاسی خۆی بەکارهێناوە لە کاندیدکردنی ئەو کەسەی بە گونجاوی دەزانێت بۆ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و پێکهێنانی حکومەتی نوێ"، و ئاماژەی بەوەشداوە: کە "ئومێد دەکرا ڕۆژی سێشەممە ڕێکارەکان بۆ ئەنجامدانی ئەم شایستە دەستوورییە تەواو بکرایە، ئەگەر دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار دوانەخرایە".
هەروەها روونیكردەوە: "نوری مالیکی کەسایەتییەکی سیاسی نیشتمانییە و یەکێکە لە کۆڵەکەکانی پرۆسەی سیاسی، و بەرپرسیارێتی قورسی لە ئەستۆ گرت لەژێر سایەی ئەو هەلومەرجە سەختەی کە دوای ساڵی ٢٠٠٣ بەسەر عێراقدا هات، توانی ئاسایش و سەقامگیری بسەپێنێت و دەسەڵاتی بۆ دەوڵەت گەڕاندەوە، بەبێ ئەوەی پشت بە ئەجێندایەکی سیاسی یان ئایدۆلۆژی تەسک ببەستێت، لە کاتێکدا تیرۆریستان لە شەقامەکانی بەغدا و شارەکانی دیکەی عێراق تەراتێنیان دەکرد و ڕۆژانە سەدان قوربانی بێتاوان دەکەوتنەوە و دەیان ئۆتۆمبێل دەتەقێنرانەوە و کردەی تیرۆرکردن و تاوانی دیکە ئەنجام دەدران".
بەیاننامەکە جەختیکردەوە: "ڕێزگرتن لە سەروەری و سەربەخۆیی عێراق پێویستی بە ڕێزگرتنە لە بژاردەی سیاسی گەلەکەی، و ئیدانەکردنی دەستێوەردانی هەر لایەنێک یان وڵاتێک لە کاروباری ناوخۆیدا بە شێوازی سەپاندن و هەڕەشە، ئەمەش بابەتێکە لەلایەن عێراقییەکان و هێزە نیشتمانییەکانیانەوە ڕەتکراوەیە".
ئاماژەی بەوەشکرد: "پێمان وایە دروستکردنی کەلێنێک لە بڕیاری چوارچێوەدا پرۆسەی سیاسی ڕاکێشاوەتە ناو ئەم ئاڵۆزییە، و لێکەوتەی لەسەر زیاتر لە ئاستێک دەبێت، ئەمەش وا دەخوازێت داوا لە هێزە سیاسییە باشەكانی سەرجەم پێکهاتەکان بکرێت بەرگری لە بڕیاری نیشتمانیی سەربەخۆی عێراق بکەن.
بەپێی بەیاننامەکە، حزبەکە داوای لە چوارچێوەی هەماهەنگی کردووە "بەرپرسیارێتی خۆی لەبەردەم گەلدا لە ئەستۆ بگرێت بەرامبەر بەم دەستێوەردانە ئاشکرایەی کە ڕایگشتی وروژاندووە، کە ئەمە پێشینەیەکی مەترسیدارە و پرەنسیپی سەروەری دەخاتە مەترسییەوە و بڕیاری نیشتمانی لاواز دەکات".
