حەشدی شەعبی پابەندبوونی بە ڕاسپارەکانی فەرماندەی گشتی دووپات دەکاتەوە
دەستەی حەشدی شەعبی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ناڕەزایەتی و سەرکۆنەی خۆی بۆ ئەو هێرشانە دەربڕی کە کرانە سەر بارەگا فەرمییەکانی.
دەستەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا کە دەستی ئاژانسی موتەڵع کەوتووه، ڕایگەیاندووە: دەستەی حەشدی شەعبی بە توندترین شێوە ڕەتکردنەوەو سەرکۆنەی توندی خۆی بۆ ئەو هێرشە ئاسمانییە نادادپەروەرانە ڕادەگەیەنێت کە کرانە سەر بارەگا فەرمییەکانی لە ژمارەیەک پارێزگای عێراقدا، کە لەلایەن فڕۆکە ئەمریکییەکانەوە ئەنجامدراون، ئەمەش بە دەستدرێژییەکی ئاشکرا و پێشێلکارییەکی مەترسیداری سەروەریی عێراق و بەزاندنی ڕوونی دامەزراوە ئەمنییە فەرمییەکانی دادەنرێت.
ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم هێرشانە بارەگاکانی حەشدی شەعبیان لە پارێزگاکانی دیالە، کەرکووک، ئەنبار، نەینەوا، سەڵاحەدین، واست و بابل گرتووەتەوە، کە بارەگای فەرمین و لە چوارچێوەی سیستەمی ئەمنیی عێراق و بە هەماهەنگی تەواو لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکاندا کار دەکەن.
دەستەکە ڕوونیکردەوە کە کۆی گشتی لێدانەکان گەیشتووەتە (٣٢) لێدانی ئاسمانی، و ئەم هێرشانە لە سەرەتای ئەم مانگەوە تا ئێستا بووەتە هۆی شەهیدبوونی (٢٧) موجاهید و برینداربوونی (٥٠) کەسی تر لە ڕۆڵەکانی حەشدی شەعبی کە خەریکی ئەرکی نیشتمانیی خۆیان بوون لە بەرگریکردن لە عێراق و ئاسایش و سەقامگیرییەکەی، کە لە نێویاندا (٩) شەهید و (١٠) بریندار تەنها لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمڕۆدا بوون.
جەختیشی کردەوە کە ئەم بارەگایانە هیچ ڕۆڵێکیان لە بەئامانجگرتنی بنکە ئەمریکییەکان لە ناوەوە یان دەرەوەی عێراق نەبووە، و ئەوانەی شەهید بوون موجاهیدی بێتاوان بوون کە ئەرکە فەرمییەکانی خۆیان جێبەجێ دەکرد، و هەندێکیان لەسەر سنوورەکان جێگیر بوون بۆ پاراستنی سەروەری و ئاسایشی عێراق.
هەروەها وتی: دەستەی حەشدی شەعبی، وەک بەشێکی سەرەکی لە سیستەمی ئەمنیی دەوڵەتی عێراق، پابەندبوونی تەواوی خۆی بە ڕێنماییەکانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان دوپات دەکاتەوە، و بە هەماهەنگی ڕاستەوخۆ و بەردەوام لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لە جێبەجێکردنی هەموو ئەرکە ئەمنی و سەربازییەکانیدا کار دەکات.
ئاماژەی بەوەش کرد کە بەرامبەر بەم هێرشە مەترسیدارانە، داوا لە هەموو هێزە سیاسییەکان دەکەین هەڵوێستێکی نیشتمانیی توند و ڕێکاری ڕوون بگرنەبەر بۆ ڕاگرتنی ئەم هێرشە دووبارەبووانەی سەر هێزە ئەمنییە قارەمانەکانمان، کە زیانێکی ڕاستەوخۆیە بە سەروەریی وڵات و شکۆی هێزە ئەمنییەکانی.
لە کۆتاییدا دەستەکە جەختی کردەوە کە خوێنی شەهیدان بە فیڕۆ ناچێت و ئەم هێرشانە نابنە ڕێگر لەوەی ڕۆڵەکانی حەشدی شەعبی بەردەوام بن لە جێبەجێکردنی ئەرکە نیشتمانی و دەستوورییەکانیان بۆ پاراستنی عێراق و گەلەکەی. ڕۆڵەکانی حەشدی شەعبی وەک قەڵایەکی پتەو و بەربەستێکی چەسپاو دەمێننەوە بەرامبەر تیرۆر و هەر کەسێک هەوڵی تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری و سەروەریی عێراق بدات. شکۆ و نەمری بۆ شەهیدە سەربەرزەکانمان، چاکبوونەوەی خێرا بۆ بریندارەکان، و شکۆ و سەروەری بۆ عێراق و گەلەکەی
