حەلبوسی جەخت لەسەر گرنگی پەلەکردن لە پێکهێنانی لیژنە پەرلەمانییەکان دەکاتەوە
ئەمڕۆ دووشەممە، هەیبەت حەلبوسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، میوانداریکردنی ژمارەیەک بەرپرسی لە هەفتەی داهاتوودا ڕاگەیاند، هاوكات جەختی لەسەر گرنگی پەلەکردن لە پێکهێنانی لیژنە پەرلەمانییەکان کردەوە.
فەرمانگەی ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەران، لە ڕاگەیەندراوێکدا کە دەست ئاژانسی هەواڵی موتەڵع کەوتووە، ڕایگەیاند: "ئەنجومەنی نوێنەران دووەم دانیشتنی خۆی لە خولی شەشەمی هەڵبژاردن بۆ ساڵی یەکەمی یاسادانان، وەرزی یەکەمی یاسادانان بە سەرۆکایەتی هەیبەت حەلبوسی و ئامادەبوونی 229 پەرلەمانتار ئەنجامدا".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، کە "سەرۆکی ئەنجومەن جەختی لەسەر کارکردن بە بڕگەکانی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی نوێنەران کردەوە، بەو پێیەی پەیڕەوەکە کارایە و لە خولی پێشوودا دەنگی لەسەر دراوە".
حەلبوسی، بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، جەختی کردەوە لەسەر "گرنگی پەلەکردن لە پێکهێنانی لیژنە پەرلەمانییەکان، و پێدانی مۆڵەتی 7 ڕۆژ بە فراکسیۆنە پەرلەمانییەکان بۆ پێشکەشکردنی پێشنیارەکانیان بە سەرۆکایەتی ئەنجومەن سەبارەت بە داڕشتنی پلانێک بۆ دابەشکردنی ئەندامان بەسەر لیژنە پەرلەمانییەکاندا بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەن، هەروەها جەختی لە گرنگی چالاککردنی لیژنەی ڕەفتاری پەرلەمانی کردەوە بۆ پاراستنی پێگەی عێراق و ئەنجومەنی نوێنەران لە ڕووی چاودێری و یاسادانانەوە".
سەرۆکی ئەنجومەن ئاماژەی بەوەش کرد، کە "کاتی بەڕێوەچوونی دانیشتنەکانی ئەنجومەن بە هەمیشەیی لە کاتژمێر 11ی بەیانی جێگیرکراوە بە ڕێککەوتن لەگەڵ سەرۆک فراکسیۆنەکان، جگە لە بەردەوامبوون لەسەر ڕێکار و ڕێنماییەکانی تر کە بەڕێوەبردنی دامەزراوەی یاسادانان بە باشترین شێوە بەهێزتر دەکەن".
ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە "دانیشتنەکە گفتوگۆی پەرلەمانتارانی بەخۆوە بینی سەبارەت بە کاروباری ڕێکخستنی کە ئەنجومەن لە بەڕێوەبردنی دانیشتنەکان و لیژنەکانیدا پەیڕەوی دەکات بۆ چارەسەرکردنی هەندێک لە بەربەستەکانی پێشوو، بە مەبەستی بەهێزکردنی ڕۆڵی ئەنجومەنی نوێنەران لە چاودێری و یاساداناندا، جگە لە جەختکردنەوە لەسەر پێدانی ئەولەویەت بە پەسەندکردنی یاسا گرنگەکان".
سەبارەت بە خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، سەرۆکی ئەنجومەن ئاماژەی بەوە کرد کە "تا ئێستا 44 داواکاریی خۆکاندیدکردن وەرگیراون و درێژکردنەوەی کاتەکەش بەهۆی پشووی سەری ساڵەوە بووە"، ڕوونیشیکردەوە کە "دەرگای خۆکاندیدکردن ئەمڕۆ دووشەممە لەگەڵ کۆتاییهاتنی کاتی دەوامی فەرمیدا دادەخرێت".
حەلبوسی ئاماژەی بەوەش کرد، کە "ئەنجومەنی نوێنەران لە هەفتەی داهاتوودا میوانداری بەرپرسانی دیوانی چاودێری دارایی، دەستەی دەسپاکی، ئەنجومەنی ڕاژەی فیدراڵی، ئەنجومەنی پارێزگاکان، بانکی ناوەندی، سەرۆکی دەزگای شەهیدان و سەرۆکی دەستەی خانەنشینی دەکات".
