حەلبوسی: دەبێت کاندیدی حکومەتی داهاتوو پێش دەنگدان بەرنامەی حکومەتەکەی پێشکەش بکات
ئەمڕۆ یەکشەممە،ئەنجومەنی نوێنەران،کۆتایی بە گفتوگۆکانی تایبەت بە داهاتە نانەوتییەکان هێنا بە ئامادەبوونی سەرۆکی دەستەکانی باج و گومرگ و دەروازە سنوورییەکان،لە نێوان داواکاریی پەرلەمانتاران بۆ هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات و زیادکردنی داهاتە نانەوتییەکان بە مەبەستی زامنکردنی داهاتوویەکی پارێزراو بۆ گەل و گرنگی ئەنجامدانی چاکسازیی کارگێڕی بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان.
فەرمانگەی ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەران لە ڕاگەیەندراوێکدا ،کەدەستی ئاژانسی موتەڵع کەوتووە ،تیایدا هاتووە
: ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەنجومەنی نوێنەران لە چوارەمین کۆبوونەوەی خۆی لە خولی شەشەمی هەڵبژاردن بۆ ساڵی یەکەمی یاسادانان و لە وەرزی یەکەمی یاساداناندا، بە سەرۆکایەتی "هەیبەت حەلبوسی " سەرۆکی ئەنجومەن و ئامادەبوونی 222 پەرلەمانتار، گفتوگۆکانی تایبەت بە داهاتە نانەوتییەکانی بە ئامادەبوونی سەرۆکی دەستەکانی باج و گومرگ و دەروازە سنوورییەکان کۆتایی پێهێنا.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، "هەیبەت حەلبوسی" سەرۆکی ئەنجومەن ڕایگەیاند کە لەسەر داوای پەرلەمانتاران، لە کۆبوونەوەی ڕۆژی دووشەممەی هەفتەی داهاتوودا میوانداری هەردوو وەزیری دەرەوە و سەرچاوە ئاوییەکان دەکرێت بۆ تاوتوێکردنی ڕێککەوتنی ئاوی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا.
هاوکات، هەردوو پەرلەمانتار "جیهاد عەبادی و ئەشواق جاف "سوێندی دەستوورییان خوارد بۆ بوون بە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران پاش ئەوەی ڕەزامەندی درا لەسەر زیادکردنی ئەو بڕگەیە بۆ کارنامەی کۆبوونەوەکە، پاشان ئەنجومەن گفتوگۆکانی لەسەر دۆخی داهاتە نانەوتییەکان ئەنجامدا بە ئامادەبوونی سەرۆکی دەروازە سنوورییەکان و بەڕێوەبەرانی گشتی دەستەی گشتی باج و دەستەی گشتی گومرگ.
وەک ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی پێداوە: پەرلەمانتاران جەختیان لەسەر گرنگی کاراکردن و بەهێزکردنی پڕۆژەی بە ئەلیکترۆنی کردەوە لە کۆکردنەوەی باج و ڕەسمی گومرگی و دیاریکردنی کاتێکی دیاریکراو بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە بە مەبەستی پاراستنی داهاتەکان، جگە لە داواکاری بۆ ئاڵوگؤڕکردنی کادیرانی فەرمانبەری لەو دەستانەی خەریکی کۆکردنەوەی داهاتن و پێویستی سوودوەرگرتن لە مامۆستایانی پسپۆڕی زانکۆ بۆ بیستنی ڕا و ئەزموونیان لە بواری بەهێزکردنی سیستەمی ئەلیکترۆنی، لەگەڵ ناسینی ڕێگەی کاریگەر بۆ چارەسەرکردنی سیستەمی کێش و جۆری کاڵاکان لە دەروازەکان و گومرگدا. هەروەها ژمارەیەک پەرلەمانتار جەختیان کردەوە لەسەر گرنگی بەشداری نوێنەرانی وەزارەتی کارەبا لە گفتوگۆکانی زیادکردنی داهات بەتایبەت کە نیشانەی ونبوونی بڕە پارەیەکی زۆر لە کۆکردنەوەی داهاتی وەزارەتەکەدا هەیە، لەگەڵ ئاشکراکردنی ژمارەی دەروازە نایاساییەکان کە لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵیدا نین، و داواکاری بۆ دەرکردنی بڕیاری پەرلەمانی پابەندکەر بۆ دەسەڵاتی جێبەجێکردن سەبارەت بە دەسەڵاتی زیادکردنی باجەکان تەنها لە ڕێگەی یاسا کارپێکراوەکانەوە، و داواکاری بۆ زیادکردنی داهاتەکان لە باج و کۆکردنەوەکانی دیکەی پەیوەست بە کاری وەزارەت و کۆمپانیا و پڕۆژە وەبەرهێنانەکان و پەیوەندییەکان و هیتر.
هەر بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە : سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران جەختی کردەوە لەسەر گرنگی ئەوەی کە کاندیدی حکومەتی داهاتوو دەبێت بەرنامەی حکومەتەکەی پێشکەش بکات بۆ ئەوەی ببینرێت و بە شێوەیەک لێکۆڵینەوەی لێ بکرێت کە لەگەڵ چاکسازییە داراییە ستراتیژییەکان بگونجێت پێش ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت لە ئەنجومەن، هەروەک ئاماژەی بە گرنگی هەموارکردنەوەی یاسای وەبەرهێنانیش کرد بەجۆرێک خزمەت بە زیادکردنی داهاتەکانی دەوڵەت بکات.
لەدرێژەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە : لە میانی کۆبوونەوەکەدا کە "عەدنان فەیحان " جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەن سەرپەرشتی بەشێکی دانیشتنەکەی کرد،و داوا لە حکومەت کرد سەرچاوەکانی داهات هەمەجۆر و داهاتە نانەوتییەکان زیاد بکات بۆ زامنکردنی داهاتوویەکی پارێزراو بۆ سەرجەم نەوەکانی داهاتو و گرنگی ئەنجامدانی چاکسازیی کارگێڕی بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان، لەگەڵ بەهێزکردنی کەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی چونکە لە گرنگترین سەرچاوەکانن کە پارەیەکی زۆر بۆ خەزێنەی دەوڵەت دابین دەکەن،ئەوە جگە لە چالاککردنی کەرتی گەشتیاری.
