حەلبوسی: ساڵیادی سەرکردەکانی سەرکەوتن هەڵگری وانەی فیداکارییە و زەمینەی بۆ قۆناغێکی نوێ خۆشکرد
هەیبەت حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمان ڕۆژی یەکشەممە دووپاتی کردەوە کە ساڵیادی سەرکردەکانی سەرکەوتن هەڵگری وانەی فیداکارییە و زەمینەی بۆ قۆناغێکی نوێ خۆش کرد.
حەلبوسی لە وتارێکدا لە میانی مەراسیمی یادکردنەوەی شەشەمین ساڵڕۆژی شەهیدبوونی سەرکردەکانی سەرکەوتن، کە ئاژانسی هەواڵی موتەڵع بەدواداچوونی بۆ کردووە ڕایگەیاند: ئەمڕۆ لەم بۆنە نیشتمانییەدا کۆدەبینەوە بۆ یادکردنەوەی وێستگەیەکی یەکلاکەرەوە لە مێژووی هاوچەرخی عێراقدا، کە پەیوەستە بەو قوربانییە گەورانەی ڕۆڵەکانی نیشتمان بۆ بەرگریکردن لە سەروەری و یەکپارچەیی و ئاسایشەکەی پێشکەشیان کردووە.
ئاماژەی بەوەشکرد : کە ئەم یادە بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانییە و پێویست دەکات لەسەر مانا قووڵەکانی و ئەو وانانەی لە ئارامگرتن و قوربانیدان تێیدایە، بوەستین.
وتیشی: ئەو قوربانیدانانە بەشداربوون لە چەسپاندنی سەرکەوتن بەسەر تیرۆردا و خۆشکردنی ڕێگا بۆ قۆناغێکی نوێ کە لەسەر بنەمای ئاوەدانکردنەوە و بەهێزکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت وەستاوە.
"حەلبوسی" جەختی لەسەر یەکڕیزی و ڕێزگرتن لە دامەزراوەکانی دەوڵەت و پێشخستنی بەرژەوەندی باڵای نیشتمانی کردەوە، وەک بنەمایەک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەدییەکان و بونیادنانی عێراق لەسەر بنەمایەکی پتەوی یاسا و سیستم، و بەردەوامبوون لە هەوڵەکان بۆ چەسپاندنی سەقامگیری سیاسی و ئابووری بۆ پاراستنی دەستکەوتە نیشتمانییەکان.
هەروەك جەختیکردەوە : لەسەر گرنگی پابەندبوون بە کاتە دەستوورییەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت، وەک شایستەیەکی دەستووری کە گرنگییەکەی لە ئەرکە نیشتمانییەکانی تر کەمتر نییە.
لە کۆتاییدا داوای لە سەرجەم سەرکردە سیاسییەکان کرد،بەرپرسیارێتی نیشتمانی خۆیان هەڵبگرن و پابەندی دەقە دەستوورییەکان بن، و زمانی حیکمەت و گفتوگۆ پێشبخەن و بە ڕۆحی شەراکەت و لێکتێگەیشتن کار بکەن، بە جۆرێک ببێتە هۆی پێکهێنانی حکومەتێک کە توانای بەدیهێنانی داخوازییەکانی هاووڵاتیان و بەهێزکردنی سەقامگیری و بەردەوامیدان بە کاروانی ئاوەدانکردنەوە و چاکسازی هەبێت.
