حەڤدە چەکداری حکومەتی سووریا کوژران لەکاتی هەوڵی دەستگیرکردنی بەرپرسێکی زیندانی سەیدنایا
ڕوانگەی سووری ئاشكرایكردووه، لەکاتێکدا هێزە ئەمنییەکانی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی نوێی سووریا ویستویانە ئەفسەرێکی پێشووی بەرپرس لە زیندانی (سەیدنایا) دەستگیربکەن، ڕووبەڕووبونەوە لەنێوان هەردوولادا ڕوویداوەو بەهۆیەوە 14 چەکداری هێزەکانی ئاسایشی گشتی کوژراون و سێ چەکداری ئەو هێزەش کوژراون کە ویستویانە ئەو ئەفسەرە دەستگیربکەن.
ڕوانگەی سووری ئاماژەی بەوەشداوە، ئەو ئەفسەرە بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتیی دادگای سەربازیی و سەرۆکی دادگای مەیدانی زیندانی سەیدنایا بووە لە سەردەمی ڕژێمی بەشار ئەسەد کە لە سەرتای ئەم مانگە ڕووخا.
زیندانی سەیدنایا کە دەکەوێتە نزیک دیمەشق-ی پایتەختی سووریا، بە یەکێک لە مەترسیدارترین زیندانەکانی جیهان دادەنرێت و لەساڵی 1987 دروستکراوەو 30 کیلۆمەتر لە دیمەشقی پایتەختی سووریا دوورە، زیندانەکە زیاتر لە 20 هەزار زیندانی دەگرێت و بەشێکی زۆری زیندانەکە تایبەتبووە بەو کەسانەی دژی ڕژێمی بەشار ئەسەد بوونە.
