حەکیم وموسەوی جەخت لە تەواوکردنی شایستەکان بەپێی کاتە دەستوورییەکان دەکەنەوە
ئەمڕۆ چوارشەممە، عەممار حەکیم سەرۆکی ھاوپەیمانیی ھێزەکانی دەوڵەتی نیشتمانی و عەبدولحسێن موسەوی سەرۆکی ھاوپەیمانیی نەھجی نیشتمانی، جەختیان لە گرنگیی دیدارە بونیادنەرەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان کردەوە بۆ تەواوکردنی شایستەکان بەپێی کاتە دەستوورییەکان.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی ھاوپەیمانیی نەھجی نیشتمانی لە بەیاننامەیەکدا کە دەستی ئاژانسی موتەڵع کەوتووە، دەڵێت: "عەبدولحسێن موسەوی، سەرۆکی ھاوپەیمانیی نەھجی نیشتمانی، لەگەڵ عەممار حەکیم، سەرۆکی ھاوپەیمانیی ھێزەکانی دەوڵەتی نیشتمانی کۆبووەوە."
لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "لە دیدارەکەدا دوایین پێشھاتەکانی سەر گۆڕەپانی عێراق و ڕەوتی گفتوگۆ بەردەوامەکان بۆ تەواوکردنی سەرۆکایەتییەکان و پێکھێنانی کابینەی وزاری تاوتوێ کران، ئەوەش لەسەر بنەمای بەرنامەیەکی حکومی کە ڕووبەڕووی تەحەدییەکان ببێتەوە و کارە لەپێشینەکان و پێداویستییە بەپەلەکانی سەر گۆڕەپانی نیشتمانی لەخۆ بگرێت."
هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد: "ھەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەردەوامیی دیدارە بونیادنەرەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان کردەوە بۆ تەواوکردنی شایستەکان بەپێی کاتە دەستوورییەکان، بە جۆرێک کە متمانە بە پرۆسەی دیموکراسی بەھێز بکات و بەشداربێت لە بەدیهێنانی بەڵێن و بەرنامە هەڵبژاردنەکان لەسەر ئەرزی واقیع."
