حەکیم: گۆڕینی نەرێتە سیاسییەکان پێویستی بە دیالۆگ و کۆدەنگی هەیە نەک هەژموونگەرایی
عەممار حەکیم سەرۆکی هاوپەیمانی هێزە نیشتمانییەکان، ئەمڕۆ هەینی دووپاتی کردەوە کە هەر هەموارکردنێک یان گۆڕانکارییەک بۆ نەرێتە سیاسی لە عێراقدا دەبێت لە ڕێگەی گفتوگۆ و کۆدەنگی نێوان هێزە نیشتمانییەکان بێت دوور لە هەژموونگەرایی یان ململانێ بەدیبهێنرێت.
حەکیم لە دیمانەیەکی تەلەفزیۆنیدا کە "موتەڵع" بەدواداچوونی بۆ کردووە رایگەیاند: "گۆڕینی نەرێتی سیاسی عێراق مومکینە و شەرعییە، بەڵام بە بەرزکردنەوەی دروشمی هەڵبژاردن یان سەپاندنی ئیرادە بەدی نایەت، بەڵکو بە دیالۆگ و لێکتێگەیشتن لە نێوان هەموو لایەنە سیاسییەکان"، دەشڵێت: "گۆڕینی ئەم بابەتە بۆ دروشمی هەڵبژاردن دەبێتە هۆی زیادبوونی ئاڵۆزی دیمەنی سیاسی و کاریگەری لەسەر دەرفەتی سەقامگیری دوای هەڵبژاردنەکان دەبێت”.
حەکیم جەختی لە گرنگی ڕێزگرتن لەو هاوسەنگییە نیشتمانییانەی کە دەستوور و داب و نەریتی سیاسی دامەزراون بە درێژایی قۆناغەکانی ڕابردوو کردەوەو، داوای لە هێزە سیاسییەکان کرد: “بەرژەوەندی باڵای وڵات لە پێشینەی بەرژەوەندییە کوتلەییەکان یان حزبییەکان،دابنێن و بە ڕۆحی هاوبەشی ڕاستەقینە کاربکەن بۆ دڵنیابوون لە بەڕێوەچوونی ڕێکوپێکی پڕۆسەی سیاسی”.
سەرۆکی پارتی تەقدوم، محەمەد حەلبوسی، پێشتر ئاماژەی بە پێویستی چاوخشاندنەوە بەم داب و نەریتە کردبوو، ئەمەش کاردانەوەی بەربڵاوی لەناو بازنە سیاسییەکاندا بەدوای خۆیدا هێنا. ئەم مشتومڕە ڕەنگدانەوەی چڕبوونەوەی کێبڕکێیە لە پێش هەڵبژاردنەکانی ١١ی ئەم مانگە.
