خالید شوانی: هیچ زیندانییەکی داعش رەوانەی هەرێمی کوردستان ناکرێت
وەزیری دادی عێراق ئاشکرای دەکات، پرۆسەی گواستنەوەی زیندانییانی داعش لە سووریاوە بۆ عێراق بەردەوامە و ژمارەیان پێنج هەزاری تێپەڕاندووە، جەختیش دەکاتەوە کە ئەو چەکدارانە رەوانەی زیندانەکانی هەرێمی کوردستان ناکرێن و لەلایەن دەستەیەکی دادوەریی تایبەتەوە دادگایی دەکرێن.
چوارشەممە 11ـی شوباتی 2026، خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان کەموتەڵع بەدواداچوونی بۆ کردووە رایگەیاند، ئەو چەکدارانەی داعش کە لە سووریاوە دەگوازرێنەوە بۆ عێراق، بە هیچ شێوەیەک رەوانەی زیندانەکانی هەرێمی کوردستان ناکرێن. ناوبراو روونی کردەوە کە هەردوو زیندانی چەمچەماڵ و سووسە تایبەتن بە تاوانە گشتییەکان نەک تیرۆر، بۆیە چەکدارانی داعش لە زیندانی تایبەت بە تیرۆر لە ناوەڕاست و باشووری عێراقدا دەهێڵدرێنەوە.
سەبارەت بە ئاماری زیندانییە گواستراوەکان، وەزیری داد ئاشکرای کرد، تا ئێستا پێنج هەزار و 46 زیندانیی داعش لە سووریاوە گواستراونەتەوە بۆ عێراق و پێشبینی دەکرێت ژمارەکە بگاتە شەش هەزار کەس. ئاماژەی بەوەش دا، سەرجەم ئەو زیندانییانە لەژێر سەرپەرشتیی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و لەلایەن دەستەیەکی دادوەریی پسپۆڕەوە لە عێراق دادگایی دەکرێن.
خالید شوانی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد، زۆربەی زیندانییەکان هەڵگری رەگەزنامەی بیانیی نزیکەی 60 وڵاتی جیاوازن. لەوبارەیەشەوە لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و وڵاتانی پەیوەندیدار لە پەیوەندیی بەردەوامدان تاوەکوو دوای تەواوبوونی دادگاییەکەیان، وڵاتەکانیان وەریانبگرنەوە.
