خامەنەیی: گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ ئەمریكا لە ئێستادا بێسودە
عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران ڕایگەیاند، گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ ئەمریكا لە ئێستادا بێسودە و بگرە زیانی گەورەی بۆ وڵاتەكە هەیە، لایەنی ئەمریکی پێشوەختە ئەنجامی دانوستانەکانی دیاریکردوە. دەشڵیت، "پیتاندنی یۆرانیۆمیان گەیاندوەتە 60% و لەم پرسە و هیچ پرسێکی تردا تسلیمی فشار نەبوین و نابین".
عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران ئەمشەو لە پەیامێكی ڤیدیۆیدا بڵاویكردەوە، لە بارودۆخی ئێستادا، دانوستان لەگەڵ ئەمریکا هیچ سودێکی بۆ ئەوان نییە، هیچ زیانێکیشیان لێ دور ناخاتەوە. ئەوەش ئەو شتەیە كە تا ئێستا و لەم ساڵانەدا تێگەیشتوە، بینیویەتی، هەستی پێکردوە و ئەزمونی کردوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، پیتاندنی یۆرانیۆمیان گەیاندوەتە 60% کە پێویستی وڵاتەکەیانە. بەڵام نیازیان نییە بۆ چەکی ئەتۆمی بەکاریبهێنین و ئەو زانستەی كە هەیانە لەو بوارەدا بە هەڕەشە و بۆمباران لەناو ناچێت.
خامنەیی باسی لەوەشكرد، "لایەنی ئەمریکی دەڵێت ئێران نابێت پیتاندنی هەبێت، ئێمە لەم پرسە و هیچ پرسێکی تردا تسلیمی فشار نەبوین و نابین. داوای ئەوان واتە دەستکەوتە گەورەكانی وڵاتەكە و هەمو هەوڵ، تێچو، ئەو کێشە زۆرانەی تێیانپەڕاندوە، بیکەن بە دوکەڵ و فڕێی بدەنە هەوا و لەناوی ببەن".
ئەوەشیخستەڕو، لایەنی ئەمریکی پێشوەختە ئەنجامی دانوستانەکانی دیاریکردوە، ئەوە دانوستان نییە، سەپاندنی داواكانیانە و هیچ سودێکی نییە. بۆیە دانوستان لەگەڵ ئەمریکا لە بارودۆخی ئێستادا زیانێکی گەورەی بۆ وڵات هەیە کە ڕەنگە بتوانرێت بوترێت هەندێک لەم زیانانە قەرەبو نەکراوەن.
خامنەیی دەشڵیت، "10 ساڵ لەمەوبەر لەگەڵ ئەمریکییەکان ڕێککەوتنێکمان واژۆکرد، بڕیار بو سزاکان هەڵبوەشێننەوە و پەیوەندییەكانی ئێران لە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ئاسایی ببێتە. ئەو 10 ساڵە ئەمڕۆ کۆتاییهات و سزاکان هەڵنەگیرا و کێشە ئەتۆمییەکانی وڵات دو هێندە زیادی کرد. ئەمە بەڵێنی لایەنی ئەمریکییە".
