خولی ئەستێرەکان...شورتە بە حەوت گۆڵ لە یانەی قاسمی بردەوە
یانەی شورتە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرکەوتنێکی گەورەی بەسەر یانەی قاسم بەدەستهێنا بە ئەنجامی (٧–١)، لەو یارییەی کە لە چوارچێوەی ڕکابەرییەکانی گەڕی یازدەهەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق بۆ وەرزی ٢٠٢٥–٢٠٢٦ کۆی کردنەوە.
یانەی قاسم لە سەرەتای یارییەکە و لە خولەکی پێنجەمی نیوەی یەکەمدا لە ڕێگەی یاریزان محەمەد عەلی عەتییە گۆڵی یەکەمی تۆمارکرد، بەرلەوەی یانەی شورتە بتوانێت لە ڕێگەی مەحموود مەواس لە خولەکی دوازدەدا گۆڵی یەکسانبوونەوە تۆمار بکات.
لە خولەکی چل و پێنجدا، ئەحمەد فەرحان گۆڵی دووەمی بۆ شورتە زیادکرد، بەوەش نیوەی یەکەم بە پێشکەوتنی شورتە بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک کۆتایی هات.
لە نیوەی دووەمدا، شورتە کۆنترۆڵی ڕەهای یارییەکەی گرتە دەست، یاریزان لیۆنێل ئاتیبا دوو گۆڵی لەسەریەکی لە خولەکەکانی (٦٥ و ٦٩) تۆمارکرد، پاشان دۆمنیک مێندی لە خولەکی (٧٢) گۆڵی پێنجەمی تۆمارکرد.
دواتر ئەحمەد فەرحان گەڕایەوە و گۆڵی شەشەمی لە خولەکی (٨٨) تۆمارکرد، هەروەها شەریف عەبدولکازم کۆتایی بە فیستیڤاڵی گۆڵەکان هێنا و لە خولەکی دووەمی کاتی زیادکراودا گۆڵی حەوتەمی تۆمارکرد.
بەم سەرکەوتنە، تیمی شورتە کۆی خاڵەکانی گەیاندە ٢١ خاڵ و سەرکەوت بۆ پلەی دووەمی ڕیزبەندی خولەکە، لە کاتێکدا تیمی قاسم بە تەنها یەک خاڵ لە کۆتایی ڕیزبەندییەکەدا مایەوە
