خوێندنی باڵا جەخت لە کارکردن بە ڕێنماییەکانی مۆڵەتی خوێندن دەکاتەوە
ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، جەختی کردەوە لە کارکردن بە ڕێنماییەکانی مۆڵەتی خوێندن و دانەنانی خوێندن لە کاتی فەرمانبەریدا (بەبێ مۆڵەت).
وەزارەت لە ڕاگەیەندراوێکدا کە دەست ئاژانسی هەواڵی موتەڵع کەوتووە، ڕایگەیاند: "پاڵپشت بە یەکەم هەموارکردنی ژمارە 11ی ساڵی 2025 بۆ یاسای بنەماکانی یەکسانکردنی بڕوانامە و پلە زانستییە عەرەبی و بیانییەکانی ژمارە 20ی ساڵی 2020، و وەک جەختکردنەوەیەک لەسەر سیاقی یاسایی ڕێکخەری خوێندن لەناو عێراق یان دەرەوەی بۆ چینى فەرمانبەران، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایدەگەیەنێت، کە بنەمای خوێندن لە کاتی فەرمانبەریدا (بەبێ مۆڵەت) کاری پێناکرێت و پشتی پێ نابەسترێت لە ڕێکەوتی 2025/10/13 بەدواوە، و کار دەکرێت بە ئەحکامەکانی ڕێنمایی بەخشینی مۆڵەتی خوێندن ژمارە 165ی ساڵی 2011 و یاساکانی پەیوەست بەو بابەتەوە."
لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "سەبارەت بەو پرسیارانەی دەربارەی ئەم بابەتە دەکرێن، ئەوا ئەوەی پێشتر سەبارەت بە خوێندن لە کاتی فەرمانبەریدا هاتبوو، بەپێی هەموارکردنە ئاماژەپێکراوەکە بە هەڵوەشاوە ئەژمار دەکرێت و ئەم هەموارە هیچ کاریگەرییەکی بۆ ڕابردوو (أثر رجعي) نابێت، بەڵکو لە ڕێکەوتی کارپێکردنیەوە کاری پێ دەکرێت، لەگەڵ پاراستنی شایستە یاساییەکانی ئەو فەرمانبەرانەی کە پێش ئەو ڕێکەوتە دەستیان بە خوێندن کردووە."
