خەزعەلی: چوارچێوەی هەماهەنگی پشتیوانی لە هەر ڕێککەوتنێک دەکات کە لە نێوان کورددا لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار بێتە ئاراوە
قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق، ئەمڕۆ چوارشەممە جەختیکردەوە: چوارچێوەی هەماهەنگی پشتیوانی لە هەر تەبایی و ڕێککەوتنێک دەکات کە لە نێوان لایەنە کوردییەکاندا سەبارەت بە پۆستی سەرۆک کۆمار ئەنجام بدرێت.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی شێخ خەزعەلی لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی موتەڵع ناردووە، دەڵێت: " قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق لە نووسینگەکەی خۆی لە بەغدا، پێشوازی لە فوئاد حسێن وەزیری دەرەوە و کاندیدی پۆستی سەرۆک کۆمار کرد و تێیدا کۆمەڵێک پرسی جێی بایەخی هەردوولا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناوچەیی تاوتوێ کران."
بەپێی بەیاننامەکە، هەردوولا پەرەسەندنەکانی گۆڕەپانی سیاسی ناوچەکە و ڕەنگدانەوەی گۆڕانکارییە نێودەوڵەتییەکانیان لەسەر عێراق تاوتوێ کردووە؛ هەروەها جەخت کراوەتەوە لەسەر گرنگی گرتنەبەری سیاسەتێکی دەرەوەی هاوسەنگ کە سەروەری وڵات بپارێزێت و پەیوەندییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان بە جۆرێک بەهێز بکات کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی گەلی عێراق بکات.
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، باس لە دۆسیەی سەرۆک کۆمار کراوە و جەخت کراوەتەوە لەسەر پێویستی بەدیهێنانی تەبایی لە نێوان هێزە سیاسییە کوردییەکاندا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، بە جۆرێک کە یارمەتیدەر بێت لە پشتیوانیکردنی سەقامگیری سیاسی و تەواوکردنی شایستە دەستوورییەکان.
شێخ خەزعەلی دووپاتیکردەوە: "چوارچێوەی هەماهەنگی پشتیوانی لە هەر ڕێککەوتنێک دەکات کە لە نێوان برایانی کورد لەسەر ئەم شایستەیە بێتە دی"، هەروەها ئاماژەی بە پەرۆشی چوارچێوەی هەماهەنگی کرد بۆ چەسپاندنی پرەنسیپی شەراکەتی نیشتمانی و مسۆگەرکردنی بەشداری هەموو پێکهاتەکان لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا لە چوارچێوەی دەستووردا.
