خەڵاتی ماملێ پێشکەش بە عەلی ئەکبەر مورادی دەکرێت
لەپای ئەو خزمەتە بەرچاوەی بە هونەر و میوزیکی کوردی کردووە، خەڵاتی ماملێ بۆ ساڵی 2025 پێشکەش بە هونەرمەند و میوزیسیانی کورد، عەلی ئەکبەر مورادی دەکرێت.
ناوەندی ماملێ لە پێگەی فەرمی تایبەتی خۆی بڵاویکردەوە و رایگەیاند،" لە درێژەی چالاکیی ساڵانەی ناوەندی ماملێ بۆ دەستنیشانکردنی هونەرمەندی ساڵ، بڕیار درا کە خەڵاتی ساڵانەی ماملێ بۆ ساڵی 2025 پێشکەش بە هونەرمەند عەلی ئەکبەر مورادی بکرێت."
رێوڕەسمی بەخشینی خەڵاتی ماملێ ماوەی 16 ساڵە لەلایەن ناوەندی ماملێوە بەڕێوەدەبرێت و ساڵانە بە هونەرمەندێک، یاخود گرووپێکی میوزیک دەبەخشرێت، کە جێدەستی لە هونەر و میوزیکی کوردیدا دیار بێت.
لە ساڵانی رابردوودا لەسەر ئاستی هەر چوار پارچەی کوردستان ئەم خەڵاتە پێشکەش بە چەند هونەرمەند و گرووپێکی میوزیکی کوردی کراوە، لەوانە، "شڤان پەروەر، مەزهەر خالقی، تیپی مۆسیقای سلێمانی، عەباس کەمەندی، دڵشاد سەعید، ناسڕ رەزازی، قالە مەڕە، ئەندێریاس ئیسرائیل خەمۆ و چەند هونەرمەندێکی تر."
