د.هەڤاڵ ئەبوبەکر: تێکەڵی ململانێ ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان مەبن، دەستی یەکبگرن؛ نەک دەستی دوژمن
پارێزگاری سلێمانی دەڵێت: ئەوەی گرنگە بۆ ئێستا؛ هەڵبژاردنە، ئەوەی بۆ هەڵبژاردن گرنگە بێگەردییە، قبوڵکردنی ئەنجامی بێگەردە، قبوڵکردنی یەکترییە، دەستاودەستی ئاشتییانەو دەوڵەتدارییە لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوون.
د.هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە پەیامێکدا بەبۆنەی نەورۆزەوە دەڵێت: هیچ لایەک نازانێت لە هەڵبژاردنێکی وادا؛ چەند دەهێنێت، بەڵام هەموو لاکان دەزانن هیچیان زۆرینەی سادە ناهێنن، کەواتە دەبێت لە ئێستاوە هەوڵبدەن لەگەڵ یەکتر بگونجێن و یەکتر قبوڵبکەن، ئەگەر نا کە هەڵبژاردنیش تەواوبوو؛ ناتوانن بەیەکەوە هەڵبکەن وەک ئەوەی سی و سێ ساڵە دەیبینین
داواش دەکات ئەم جەژنی نەورۆزو ڕۆژووە بکەنە دەرفەتێکی زێڕین بۆ بەهێزکردنی گیانی یەکترقبوڵکردن، لە ڕابردودا هاوارماندەکرد ناکۆکییەکانتان تێبپەڕێنن، نەتانبیست، ئێستا داواکارین ناکۆکییەکانتان دوابخەن بۆ ئەوەی جێیەک بمێنێت لەسەری دانیشن، دواتر لە شکست و پەناهەندەیدا؛ گەورەو بچوک دەبنە ئاوارە، ئاوارەیش سەروخواری تێدا نییە.
