دادگای باڵای فیدراڵی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی پەسەند کرد
ئەمڕۆ یەکشەممە، دادگای باڵای فیدراڵی ڕایگەیاند، کە ئەنجامە کۆتاییەکانی هەڵبژاردنی گشتی بۆ ئەندامێتی ئەنجوومەنی نوێنەران پەسەند کران.
لە ڕاگەیەندراوێکی ناوەندی ڕاگەیاندنی دادگا، کە دەستی ئاژانسی هەواڵی موتەڵع کەوتووە ،تیایدا ئاماژەی بەوە کردووە: کە دادگای باڵای فیدراڵی ئەمڕۆ یەکشەممە، ڕێکەوتی 14/12/2025، دانیشتنێکی داخراوی بە سەرۆکایەتی، دادوەر (مونزیر ئیبراهیم حوسێن) و سەرجەم ئەندامانی ئەنجام دا، بە مەبەستی وردبینیکردن لە ئەنجامە کۆتاییەکانی هەڵبژاردنی گشتی بۆ ئەندامێتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ ساڵی 2025 (خولی شەشەم)، کە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانەوە نێردراوە بەپێی نووسراوەکەیان ژمارە (خ/ 25 ر.م/ 79) لە (8/ 12/ 2025).
راگەیەندراوەکە ئەوەشی خستەڕوو: کە دادگا لە کاتی وردبینی و گفتوگۆکردندا بۆی دەرکەوت کە پرۆسەی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (خولی شەشەمی هەڵبژاردن) مەرجە دەستووری و یاساییەکانی جێبەجێ کردووە و هیچ شتێک نییە کە زیان بە دروستییەکەی بگەیەنێت، بۆیە بە پشت بەستن بە حوکمەکانی بڕگەی (حەوتەم) لە ماددەی (93)ی دەستووری کۆماری عێراق بۆ ساڵی 2005، دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاریدا بە پەسەندکردنی ئەنجامە کۆتاییەکانی هەڵبژاردنی گشتی بۆ ئەندامێتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ ساڵی 2025 / خولی شەشەمی هەڵبژاردن بۆ ئەو براوانەی ناویان لە لیستی هاوپێچی نووسراوەکەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکاندا هاتووە.
وەک ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی پێداوە: دادگا بڕیاریدا بە ئاگادارکردنەوەی هەر سێ دەسەڵاتەکە لە بڕیاری پەسەندکردنی ئەنجامە کۆتاییەکانی هەڵبژاردنی گشتی بۆ ئەندامێتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ ساڵی 2025 کە لەم دانیشتنەدا دراوە.
لە کۆتاییدا ڕاگەیەندراوەکە دادگایی باڵایی فیدراڵی جەختی کردەوە کە بڕیارەکە بە ژمارە (235 / ئیتیحادی / 2025) لە 14 / 12 / 2025 بە ڕێککەوتن دەرچوو، و یەکلاکەرەوە و پابەندکەرە بۆ سەرجەم دەسەڵاتەکان بە پشت بەستن بە حوکمەکانی هەردوو ماددەی (93/ حەوتەم) و (94) لە دەستووری کۆماری عێراق بۆ ساڵی 2005 و هەردوو ماددەی (4/ حەوتەم) و 5 (دووەم) لە یاسای دادگای باڵای ئیتیحادی ژمارە (30)ی ساڵی 2005ی هەموارکراو بە یاسای ژمارە (25)ی ساڵی 2021.
