دادگای فەڕەنسا فەرمانی دەستگیرکردنی بەشار ئەسەدی پوچەڵکردەوە
ئەمڕۆ هەینی دادگای پێداچوونەوەی فەڕەنسا، بڕیاری پووچەڵکردنەوەی فەرمانی دەستگیرکردنی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشوی سووریای لەسەر دۆسیەکانی تاوانی جەنگ و تاوانی دژی مرۆڤایەتی دەر کرد.
دادگای پێداچوونەوەی فەڕەنسا لە ڕاگەیاندراوێكدا بڵاوی كردەوە، هیچ هۆکارێکی تایبەت ناتوانێت پارێزبەندیی سەرۆکی وڵات هەڵبگرێت، بەمەش ئەو فەرمانی دەستگیرکردنەی هەڵوەشاندەوە کە لەلایەن دادوەرانی لێکۆڵەر لە پاریسەوە بۆ بەشار ئەسەد سەرۆکی پێشووی سووریا، دەرچووبوو.
کریستۆف سۆلار، سەرۆکی بەرزترین دەستەی دادوەریی فەڕەنسا، لە کۆتایی دانیشتنێکی ئاشکرادا، کە لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە پەخش کرا ڕایگەیاند، “بەو پێیەی بەشار ئەسەد دوای لەسەرکارلابردنی لە (کانونی یەکەمی ٢٠٢٤ـەوە چیتر سەرۆک نییە، ‘ئەگەری هەیە فەرمانی دەستگیرکردنی نوێی بۆ دەربچێت’ لەسەر دۆسیەکانی تاوانی جەنگ و تاوانی دژی مرۆڤایەتی و بەم هۆیەشەوە ئەگەری بەردەوامیدان بە لێکۆڵینەوەی دادوەری لە دژی هەیە”.
کەیسەکەی ئەسەد، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هێرشە کیمیاییانەی، کە درانە پاڵ ڕژێمی سووریا لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەسەددا، دیارترینیان هێرشی سەر غوتەی ڕۆژهەڵات بوو لە ٢١ـی ئابی ٢٠١٣، کە بەپێی هەڵسەنگاندنەکانی هەواڵگریی ئەمریکا، زیاتر لە هەزار کەس بە گازی سارینی ژەهراوی کوژران، ئەمە جگە لە هێرشەکانی دیکە بۆ سەر ناوچەکانی عەدرا و دوما، لە ڕۆژانی چوارەم و پێنجەمی هەمان مانگدا، کە بووە هۆی برینداربوونی ٤٥٠ کەس.
