دارایی عێراق: دواکەوتنی مووچەی خانەنشینان بۆ هۆکاری تەکنیکی دەگەڕێتەوە نەک هۆکاری دارایی
ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی دارایی ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەی دواکەوتنی خەرجکردنی مووچەی خانەنشینان بڵاوکردەوە.
وەزارەتەکە، لە راگەیەندراوێکدا کە دەستی موتەڵع کەوتووە ، ڕوونیکردەوە:"دواکەوتنی خەرجکردنی مووچەی خانەنشینانی ئەم مانگە بۆ هۆکارە تەکنیکییە پەیوەستەکان بە سیستەمەکانی خەرجکردن و گواستنەوەی بانکییەوە دەگەڕێتەوە، و هیچ پەیوەندییەکی بە بوونی نەختینەی داراییەوە نییە." ئاماژەی بەوەشدا کە "پارەی تەرخانکراو بۆ ئەم مووچانە بە تەواوی دابینکراوە و پێشوەختە لە چوارچێوەی بودجەی گشتیدا دیاریکراوە، و تیمە تەکنیکییەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە بانکییە پەیوەندیدارەکان بەردەوامن لە کارکردن بە درێژایی کاتژمێرەکان بۆ دڵنیابوون لە دەستپێکردنەوەی خەرجکردن لە ماوەیەکی کەمدا."
وەزارەتەکە جەختی کردەوە کە "سەرجەم بڕە پارەی پێویست لە هەژماری خەزێنەی حکومەتدا بەردەستە، و ئەوەی ڕوویداوە دواکەوتنێکی کارگێڕییە پەیوەست بە پرۆسەکانی گواستنەوە لە نێوان بانکەکان و سیستەمەکانی پارەدانی ئەلیکترۆنی، کە بووە هۆی دواکەوتنی کاتی خەرجکردن." وەزارەت "پابەندبوونی تەواوی خۆی نیشاندا بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامبوونی خەرجکردنی مووچەکان بە شێوەیەکی ڕێکوپێک و بێ دواکەوتن لە مانگەکانی داهاتوودا، لە ڕێگەی بەهێزکردنی کارایی سیستەمەکانی پارەدان و تۆکمەکردنی هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوە داراییە پەیوەندیدارەکان."
وەزارەتەکە ڕوونیشیکردەوە، هەوڵەکانی قۆستنەوەی بابەتی دواکەوتنی خەرجکردنی مووچەکان و تێکەڵکردنی بە هەڵمەتە سیاسییەکان یان بەکارهێنانی وەک ئامرازێک بۆ ناشرینکردن لە سایەی نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو"ڕەتدەکەینەوە ئاماژەی بەوەشدا کە "کاری وەزارەت تەنها دارایی و کارگێڕییە و پشت بە بودجە و یاسا کاریگەرەکان دەبەستێت، و ناچێتە ژێر هیچ چاودێرییەکی سیاسییەوە، و ئەوەی کە دەورووژێنرێت لە هەوڵە ڕێکخراوەکان بۆ شێواندنی هەوڵەکانی، ئامانجگرتنێکی بێ پاساوە بۆ دامەزراوەیەکی دارایی نیشتمانی کە بەرپرسیارێتی بەڕێوەبردنی سامانی گشتی و دڵنیابوون لە مافەکانی فەرمانبەران و خانەنشینان لە ئەستۆ دەگرێت.."
