دارایی عێراق دەست بە ڕێکارەکانی خەرجکردنی مووچە دەکات
وەزارەتی دارایی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، دەستپێکردنی ڕێکارەکانی دابینکردنی دارایی بۆ مووچەی ڕاگەیاند، هاوکات جەختی لەسەر بەردەوامیی کارکردنی فەرمانبەرانی کردەوە لە ماوەی پشووی فەرمیدا.
وەزارەتەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا کە دەستی ئاژانسی موتەڵع کەوتووە، ڕایگەیاند: دەستکراوە بە ڕێکارەکانی وردبینیی ڕاستەقینە بۆ داتاکانی مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت، بۆ ئەوەی گەرەنتی بگاتە دەست شایستەکان بەبێ هیچ گرفتێک، ئاماژەی بەوەش کرد کە مووچە بە تەواوی دابینکراوە و تیمە پەیوەندیدارەکان بە کردەیی دەستیان کردووە بە تەمویلکردنی هەموو یەکەکان
ڕاگەیەندراوەکە زانیاری زیاتری خستە ڕوو: بۆ مسۆگەرکردنی خێرا تەواوکردنی کارەکان و دوورکەوتنەوە لە هەر دواکەوتنێک، وەزارەت ڕێنمایی داوە کە ڕۆژانی هەینی و شەممە ببێتە دەوامی فەرمی بۆ فەرمانبەرە پەیوەندیدارەکان، داواشی لە یەکەکانی خەرجکردن کردووە هاوکارییان بکەن لە ناردنی داتاکانیان بە تەواوی و بە وردی، لەگەڵ پێویستیی هاوتایی نێوان داتا دیجیتاڵییەکان و کاغەزییەکان بۆ مسۆگەرکردنی وردیی تۆمارە داراییەکان.
ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئامانج لە ئەنجامدانی وردبینی و جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران، بۆ هەژمارکردنی پشکی خانەنشینی و ناردنیەتی بۆ سندوقی خانەنشینی بە مەبەستی بەهێزکردنی داهاتەکانی سندوقەکە، هەروەها بڕینی باج کە وەک داهاتێکی کۆتایی بۆ خەزێنەی گشتی تۆمار دەکرێت.
وەزارەتی دارایی ڕوونیشیکردەوە کە لە ئەگەری گەیشتنی لیستەکان بە تەواوی، تەمویلەکە خەرج دەکرێت، بە پێچەوانەوە ئەو لایەنەی لیستەکانی نەناردووە بەرپرسیار دەبێت لە دواکەوتن و ناهاوتایی داتاکان، و لایەنە چاودێرییەکانیش لە هەر سەرپێچییەک ئاگادار دەکرێنەوە.
لە کۆتاییدا، داوای لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن و کەسانی پسپۆڕ کرد کە تەنها پشت بە سەرچاوە فەرمییەکان ببەستن لە گواستنەوەی زانیارییەکاندا، بۆ ئەوەی زانیاریی ڕاست و دڵنیاکەرەوە بگاتە هاووڵاتییان
