دارایی عێراق دەست دەکات بە ئامادەکردنی بودجەی 2026
ڕاوێژکارێكی دارایی سەرۆک وهزیرانی عێراق ڕایگهیاند، وەزارەتی دارایی دەستیکردوە بە ئامادەکردنی بودجەی ساڵی 2026، هاوکات میکانیزمی خەرجکردنیشی دیاریکردوە لە ئەگەری دواكهوتنی پەسەندکردنی بودجەی گشتی.
مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وهزیرانی عێراق ئەمڕۆ شەممە له لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فەرمی کەموتەڵع بەدواداچوونی بۆ کردووە باسی لهوهكردوه، "بەپێی یاسای هەموارکراوی بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵی ژمارە (6ی ساڵی 2019)، وەزارەتی دارایی فیدڕاڵی بەردەوامە لە ئامادەکردنی ڕەشنوسی یاسای بودجەی گشتی فیدڕاڵی بۆ ساڵی دارایی 2026".
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەگەر بەهۆی خولی داهاتوی پەرلەمانەوە نەتوانرێت لەماوەی دیاریکراوی دەستوری یان یاساییدا یاسای بودجه پەسەند بکرێت، حکومەت لە ساڵی 2026دا بە ڕێژەی 1/12ی خەرجییە ڕاستەقینەکانی ئێستا بۆ ساڵی 2025، لەوانەش خەرجکردنی پڕۆژە وەبەرهێنانە بەردەوامەکان، پابەندبونە دەرەکییەکان و خەرجییە شایستەییەکانی دیکە جێبهجێ دهكات".
ئهو ڕاوێژكارهی سودانی باسی لهوهكردوه، "چالاکی دارایی بەردەوام دەبێت لە کۆکردنەوەی داهات و خەرجکردن لە ڕێگەی ئەو بڕگانەی خەرجییەوە کە لە یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵیدا دیاریکراون تاوەکو بودجەی ساڵی 2026 لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە پەسەند دەکرێت، لەوکاتەدا، تەرخانکردن ئازاد دەکرێت بۆ هەر چالاکیەک کە گەشەی ئابوری و گەشەپێدانی بەردەوام پێویستی پێیەتی، لەوانەش پڕۆژەی وەبەرهێنانی نوێ و پابەندبونە سەرهەڵداوەکانی دیکە".
