دارایی عێراق مووچەی مانگی 10ـی فەرمانبەرانی هەرێم نارد
دوای تێپەڕبوونی دوو مانگ لە دابەش نەکردنی مووچە، دواجار ئەمڕۆ یەکشەممە وەزارەتی دارایی عێراق بڕی 763 ملیار دینار وەک مووچەی مانگی 10ـی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم خستەسەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران بۆ مانگی تشرینی یەکەمی (مانگی 10)ـی ڕابردوو.
دیار نییە ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان مووچەی مووچەخۆران بۆ مانگی 10ـی ڕابردوو دابەشبکات، سەرباری ڕەوانەکردنی ئەو گوژمەیەش، چونکە چاوەڕوان دەکرێت حکومەتی هەرێم بە پاساوی کورتهێنان و کەمی بڕی بوودجەی نێردراو، دابەشکردنی مووچە زیاتر دوابخات.
دژوار فایەق، راوێژکاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە لێدوانێکی میدیایدا ڕایگەیاند، ئەگەر بەغداد گوژمەی یەکەمی پارەکەش بنێرێت کورتهێنانمان دەبێت و ناتوانین مووچەی مانگی 10 دابەش بکەین.
راوێژکاری مەسرور بارزانی دەڵێت: هەرێمى کوردستان داواى لە بەغدا کردووە سێ مووچە بەیەکەوە بنێرن بۆ ئەوەى بەپەلە بتوانن دوو مووچەى مانگەکانى 10 و 11 دابەشبکەن.
ئەمەش لەکاتێکدا، لەگەڵ دەستپێکی مانگی کانوونی یەکەم/12، تائێستا حکومەتی ماوە بۆ درێژکراوی هەرێمی کوردستان مووچەی مووچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێم بۆ مانگەکانی 10 و 11ـی ڕابردوو دابەش نەکردووە.
