دارایی هەرێم لەبارەی کۆمپانیای نالیا و چاڤییەوە روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە
ئەمڕۆ سێشەممە وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێم، رایگەیاند، پاڵپشت بە بڕیاری دادگا و دوای تەواوکردنی سەرجەم رێکارە یاسایی و کارگێڕییەکان لەلایەن فەرمانگەی تۆمارکردنی خانووبەرەی سلێمانی و فەرمانگەی جێبەجێکردنی سلێمانی دەستگیرا بەسەر موڵکەکانی کۆمپانیای نالیا و چاڤی لەبەرامبەر قەرزەکانی بانکە بازرگانییەکانی سەر بە وەزارەتی دارایی ، بەڵام وەک تێبینی دەکرێت لە هەندێک کەناڵی راگەیاندن و دەزگای میدیایی بەبێ هەبوونی زانیاریی دروست و بەڵگەی یاسایی هەواڵی ناڕاست بڵاو دەکرێتەوە و تەفسیری جیاواز بۆ بابەتەکە دەکرێت، بۆیە بەپێویستمان زانی لەڕێگای ئەم روونکردنەوەیە بەرچاوڕوونیی زیاتر بۆ رای گشتی و میدیاکان بخەینەڕوو.
1- بابەتی دۆسیەی قەرزەکانی کۆمپانیای نالیا و چاڤی بابەتێکی یاساییە و پاش یەکلاییبوونەوەی داواکە لە دادگا لەبەرژەوەندیی وەزارەتمان و تەواوکردنی سەرجەم رێکارە یاسایی و کارگێڕییەکان لە بەرامبەر کۆمپانیای نالیا و چاڤی، وە دوای بڵاوبوونەوەی ئاگاداری فرۆشتن لە وادەی دیاریکراودا لە رۆژنامە، فرۆشتنی سەرجەم موڵکە دەست بەسەرداگیراوەکان لە پڕۆسەی زیادکردنی ئاشکرا بەڕێوەدەچێت.
2- ئەو موڵکانەی کۆمپانیای نالیا و چاڤی کە پێشتر دەستی بەسەرداگیراوە بەپێی وێنەی تۆمار بەناوی کۆمپانیای نالیا و کۆمپانیای چاڤییەوە تۆمارن وە لەبەر ئەوەی پێشتر قەرزەکان بەناوی ئەو دوو کۆمپانیایەوە وەرگیراون ، بەپێی یاسا هەموو کۆمپانیایەک کەسایەتی واتایی (معنوی) هەیە ، هەر بۆیە رێکاری یاسایی بەرامبەر کۆمپانیا دەگیرێتەبەر نەک تاکەکەس، وە گۆڕینی خاوەندارێتیی کۆمپانیا کاریگەری نابێت لەسەر کەسایەتیی واتایی کۆمپانیا و ئەو قەرز و پابەندییانەی لە ئەستۆی ماوەتەوە.
3- مێژووی وەرگرتنی قەرزەکانی کۆمپانیای نالیا و چاڤی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (2010 ، 2011 ) کە ماوەی گەڕانەوەی قەرزەکە تەنها دوو ساڵ بووە، دوای چەندین جار ئاگادارکردنەوە هەردوو کۆمپانیای ناوبراو ئامادە نەبوون قەرز و سوودەکانی لەکاتی خۆی بگەڕێننەوە ، لەساڵی 2015 وە ئەم دۆسیەیە لە دادگا كاری لەسەردەكرێت تاوەکو دواجار لە ساڵی 2021 دۆسیەکە لە بەرژەوەندیی وەزارەتی دارایی یەکلایی بووەوە و رێکاری یاسایی پێویست گیرایەبەر .
4- لەبەرامبەر وەرگرتنی قەرزەکانیان کۆمپانیای نالیا و چاڤی بەدەر لەیاسا بارمتەکانیان چەند جارێک گۆڕیبوو، دوایینجار چوار پارچە زەوییان وەک بارمتەی قەرزەکە دانابوو کە دووجار یاساشکێنی تێداکرا بوو ، یەکەم ئەو زەوییانە لەبنەڕەتدا سەوزایی و خزمەتگوزاری و شەقام بوون لە ناو ئەو پرۆژەیەی قەرزەکەی بۆ وەرگیرابوو، کە ئەوەش مافی خاوەندارێتی بۆ شارەوانی دەگەڕێتەوە لەڕووی یاساییەوە بەهیچ جۆرێک نافرۆشرێت و ناخرێتە زیادکردنی ئاشکراوە، دووەم ئەو خەمڵاندنەی بۆ نرخی ئەو زەوییانە کرابوو چەند هێندەی نرخی بنەڕەتی زەوییەکان بوو ، دوای هەوڵدانێکی زۆر و کاری چڕوپڕ هەموو ئەو پێشێلکارییە یاساییانە راست کرانەوە و دۆسیەکە لەلایەن دادگاوە پلەی کۆتایی وەرگرت و نیشانەی گلدانەوە لەسەر موڵکەکان دانراو داوا لەفەرمانگەی جێبەجێکردن کرا رێکاری پێویست بۆ فرۆشتنی موڵکەکان بەشێوەی زیادکردنی ئاشکرا بگرێتە بەر، لەنێو سەدان موڵکی کۆمپانیای نالیا و چاڤی (60 ) موڵک دەستنیشانکران کە سەرجەمیان شایستەی فرۆشتنن بەپێی وێنەی تۆمار .
دووپاتیدەکەینەوە وەزارەتی دارایی پاڵپشت بە بڕیاری دادگا و بەپێی بەڵگەنامە یاساییەکان کار لەسەر دۆسیەکان دەکات ، بۆیە بەپێی یاسا و بڕیاری دادگا سەرجەم ئەو لایەن و کۆمپانیایانەی قەرزاری بانکەکانی وەزارەتن و لەکاتی خۆی پابەند نەبوون بەگەڕانەوەی قەرزەکان، سەرجەمیان رێکاری یاسایی و ئیدارییان بەرامبەر گیراوەتەبەر و دەست بەسەر ئەو موڵکانە گیراوە کەکاتی خۆی وەک بارمتە لەبری وەرگرتنی قەرزەکە دایان ناوە، لەماوەی چەند ساڵی رابردوشدا توانراوە بەبەهای زیاتر لە 110 ملیار دینار دەست بەسەر موڵکی خاوەن قەرزەکان بگیرێت و لەسەر وەزارەت تۆمار بکرێت، هەروەها بڕی زیاتر لە 25 ملیار دیناریش قەرز بەشێوەی کاش گەڕێندراوەتەوە بۆ خەزێنەی گشتی.
