داهاتی دارایی لە مۆندیالی ٢٠٢٦... پاداشتی گەورە بۆ تیپە بەشداربووەکان
پاڵەوانی مۆندیال بە 50 ملیۆن دۆلار پاداشت دەکرێت و پاداشتی سەرجەم هەڵبژاردەکانیش دیاریکران.
تۆڕی سکای سپۆرت لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، ئەو هەڵبژاردەیەی دەبێتە پاڵەوانی مۆندیالی 2026 کۆی پاداشتەکانی 50 ملیۆن دۆلار دەبێت کە ئەوەش زۆرترینە لە مێژوودا.
تۆڕەکە ئاشكرایکردووە، ئەو هەڵبژاردەیەی پلەی دووەم بەدەستدەهێنێت بە بڕی 33 ملیۆن پاداشت دەکرێت، هەڵبژاردەی سێیەمیش 29 ملیۆن دۆلار و پلەی چوارەمیش 27 ملیۆن دۆلاریان پێدەدرێت.
ئاماژەی بەوەشداوە، هەڵبژاردەکانی پلەی پێنجەم تا هەشتەم هەریەکەیان بە بڕی 19 ملیۆن دۆلار پاداشت دەکرێن، نۆیەم تا 16یەمیش هەریەکەیان بڕی 15 ملیۆن دۆلاریان پێدەدرێت، هەڵبژاردەکانی پلەی 17 تا 32 هەریەکەیان بە بڕی 11 ملیۆن دۆلار پاداشت دەکرێن، ئەوانەش کە لە پلەی 33 تا 48دا دەبن بڕی نۆ ملیۆن دۆلار پاداشتەکەیان دەبێت.
جگە لەوەش هەر هەڵبژاردەیەکی سەرکەوتوو بە بڕی یەک ملیۆن و 500 هەزار دۆلار پاداشت دەکرێت، هەروەها یەکێتیە وەرزشییەکانی وڵاتەکانیش کە بەشدارن لە مۆندیال هەریەکەیان 10 ملیۆن و 500 هەزار دۆلاریان پێدەدرێت.
