درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە نزیک گوندی دوگردکانی قەزای مەخموری سەر بە پارێزگای هەولێر کەوتە خوارەوە
دژەتیرۆری كوردستان ڕایگهیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە نزیک گوندی دوگردکانی قەزای مەخموری سەر بە پارێزگای هەولێر کەوتە خوارەوە و نەتەقییەوە.
دژەتیرۆری کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە لە ڕاگەیەنراوێکدا بڵاویكردەوە، "کاتژمیر 9:30 خولەکی بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە نزیک گوندی دوگردکانی قەزای مەخموری سەر بە پارێزگای هەولێر کەوتە خوارەوە و نەتەقییەوە".
ئەوە لە کاتێکدایە، دو ڕۆژ لەمەوبەر و لە بەرەبەیانیی ڕۆژی دوشەممەدە، کاتژمێر 05:50، درۆنێکی دیکەی بۆمبڕێژکراو لە ناحیەی ڕزگاری سەر بە قەزای خەباتی پارێزگای هەولێر کەوتەخوارەوە و دژەتیرۆری کوردستان ڕایگەیاند، کەوتنەخوارەوەی درۆنەکە "هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتەوە".
لە سەرەتایی ئەم مانگەوە زیاتر لە 20 هێرشی درۆنی كراونەتە سەر هەرێمی كوردستان، لەو ژمارەیەش نۆ هێرشیان بۆ سەر كێڵگە نەوتییەكان بون. ڕۆژی دوشەممەی ڕابردوە قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق گەیشتە هەولێر ڕایگەیاند، هێرشەكان زیان بە ناوبانگ و ئابوری عێراق دەگەیەنن و هێرشبەرەكان بە سزای خۆیان دەگەن.
