ده‌زگای ئاسایشی نیشتمانی ده‌ستگیركردنی دو تۆمه‌تباری ساخته‌كاری له پارێزگای موسه‌ننا ڕاگه‌یاند
ده‌زگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه ده‌ستگیركردنی دو تۆمه‌تباری ڕاگه‌یاند كه تۆمه‌تبارن به ساخته‌كاری له پارێزگای موسه‌ننا و یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌ش، خۆی به پارێزگار ناساندوه و فێڵی له هاوڵاتیان كردوه.
ده‌زگای ئاسایشی نیشتمانی له ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه، مه‌فره‌زه‌كانی ده‌زگای ئاسایشی نیشتمانی له پارێزگای موسه‌ننا دو كه‌سیان به‌تۆمه‌تی ساخته‌كاری و فێڵكردن له هاوڵاتیان ده‌ستگیركرد كه بانگه‌شه‌ی پێدانی زه‌ویان به هاوڵاتیان كردوه و له‌به‌رامبه‌ریشدا بڕێك پاره‌یان لێوه‌رگرتون به‌مه‌به‌ستی جێبه‌جێكردنی مامه‌ڵه‌كانیان، چونكه یه‌كێك له تۆمه‌تباره‌كان خۆی وه‌ك پارێزگار نیشانداوه و له ڕێگه‌ی واتسئه‌په‌وه په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ هاوڵاتیان ئه‌نجامداوه".
ئاشكراشیكرد، "پرۆسه‌ی ده‌ستگیركردنی تۆمه‌تباران، دوای وه‌رگرتنی زانیاری هه‌واڵگری دروست و وه‌رگرتنی ڕه‌زامه‌ندی دادوه‌ری ئه‌نجامدراوه، به‌و پێیه‌ی به ڕاشكاوی دانیان به‌وه‌دا ناوه كه فێڵیان له هاوڵاتیان و كردوه و خۆیان وه‌ك به‌رپرسی حكومی نیشانداوه، هه‌روه‌ها بڕه پاره‌یه‌كی داراییان وه‌رگرتوه كه به (163) ملیۆن دیناری عێراقی مه‌زه‌نده ده‌كرێت".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "دوای ده‌ستگیركردنیان، ژماره‌یه‌ك هاوڵاتی كه بونه‌ته قوربانی ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه ساخته‌كارییه‌ی كه هه‌ردو تۆمه‌تباره‌كه ئه‌نجامیانداوه، چونه‌ته پێشه‌وه و سكاڵایان له دژی ئه‌وان تۆماركردوه، له‌ئێستاشدا وته‌ی تۆمه‌تباره‌كان تۆماركرا بۆئه‌وه‌ی بخرێنه به‌رده‌م ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری په‌یوه‌ندیدار به‌مه‌به‌ستی گرتنه‌به‌ری ڕێوشوێنی پێویست به‌پێی یاسا".
