دۆزینەوەیەکی مێژوویی سەبارەت بە ئەگەری بوونی ژیان لە هەسارەیەکی دەرەوەی کۆمەڵەی خۆر
لەوە دەچێت تەلیسکۆپی جەیمس ویب، دۆزینەوەیەکی مێژوویی سەبارەت بە ئەگەری بوونی ژیان لە هەسارەیەکی دەرەوەی کۆمەڵەی خۆر، تۆمار کردبێت.
چوارشەممە، 16ـی نیسان 2025، زانایان ڕایانگەیاند، بە گوێرەی ئەو داتایانەی کە جەیمس ویب ناردوونی، لە بەرگە هەوای هەسارەیەکی دوور لە کۆمەڵەی خۆر، کە ناویان ناوە هەسارەی K2-18 b، هەندێ گازی کیمیایی هەن، هاوشێوەی هەمان ئەو گازانان تەنیا لە ئەنجامی کارتێکردنی بایۆلۆجییەوە لەسەر ڕووی زەوی دروست دەبن.
گازەکانی جۆریDMC و DMCS تەنیا لە لایەن بوونەوەرانی زیندووی وەک قەوزەی دەریاییەوە لەسەر ڕووی زەوی دروست دەبن.
زانایان و لێکۆڵەرەوان دەڵێن، ئەمە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە لەوانەیە ئەو هەسارەیە ژیانی میکرۆبیی تێدا بێت. لەهەمان کاتدا گوتیان: هێشتا زووە بۆ ئەوەی بوونی ژیان لەسەر ئەو هەسارە ڕابگەیەنن، بەڵام ئاماژە بۆ بوونی کردارێکی بایۆلۆجیی هەیە. بۆیە دەبێ لێکۆڵینەوەی زیاتر بکرێت و بە هۆشیارییەوە سەرنجی ئەنجامەکانی بدەین.
زانایان، دڵگەرمیی خۆیان لەو دۆزینەوەیە نەشاردەوە، زانای فیزیای گەردوونی، نیکۆ مادوسودان، لە ئامۆژگەی گەردوونناسی زانکۆی کامبریج، لە وتارێکدا کە لە گۆڤاری " فیزیای گەردوونی" بڵاوی کردووەتەوە، نووسیویەتی" ئەمە یەکەم ئاماژەیە لە هەسارەیەکی دوورەوە کە لەوانەیە ژیانی تێدا بێت، گەیشتووەتە زەوی!"
