دەرکردنی پاسپۆرت و کارتی نیشتمانی بەبێ نۆرەیە... پاسە ڕاگوزەکان بە فەرمی دەچنە خزمەتەوە
بۆ یەکەمجار وەزارەتی ناوخۆ خزمەتگوزارییەک بۆ دەرکردنی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی و کارتی نیشتمانی یەکگرتوو بە بەکارهێنانی پاسی ڕاگوزەر بەتەواوی پێداویستییەکانییەوه دەستپێکرد. ئەم هەنگاوە ئامانجی ئاسانکردنی ڕێکارەکان و گەیشتن بەو کەسانەیە کە ناتوانن سەردانی فەرمانگە فەرمییەکان بکەن.
عەمید مونازڵ ساعیدی بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتی باری شارستانی و پاسپۆرت و نشینگە، لەلێدوانێکیدا بۆ ڕاگەیاندنی فەرمی کە موتەڵع بەدواداچوونی بۆ کردووە، ڕایگەیاند: "وەزارەت پاسی ڕاگوزەری جێگیر کردووە بەڕێژەی دوو پاس بۆ هەر پارێزگایەک، بەهەرێمی کوردستانیشەوە. یەکێکیان تایبەتە بە دەرکردنی کارتی نیشتمانی یەکگرتوو، و ئەوەی تریان بۆ پاسپۆرتی ئەلیکترۆنییە".
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەم پاسانە بە هەموو ئامێر و کەرەسته پێویستەکان دەستەبەرکراون بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بەشێوەیەکی مەیدانی، هەروەها لەلایەن ئەفسەرێکی پسپۆڕەوە سەرپەرشتی دەکرێن کە دەستبەجێ مامەڵەکان تەواو دەکات". ئاماژەی بەوەشکردووە، "خزمەتگوزارییەکە بەساڵاچووان و ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە ناتوانن بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ ئامادەبن، بگرە لەگەڵ ئەوەشدا وەک بەشێک لە خزمەتگوزاری VIP بەردەستە".
ئەلسەعدی ڕوونیشیکردەوە کە: “ئەو هاووڵاتیانەی دەیانەوێت سوودمەند بن لەو خزمەتگوزارییە دەتوانن پەیوەندی بکەن بە ژمارە تەلەفۆنی (911) بۆ ئەوەی ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندیدار بکرێن لە پارێزگاکەیان”.
هەروەها ئاماژه ی بەوەشکردووه که: "لە ئێستادا وەزارەت سەرقاڵی پتەوکردنی پرۆژەکەیە بە ژمارەیەکی تری پاس بۆ فراوانکردنی ڕووماڵ و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە زۆرترین ژمارەی هاووڵاتیان".
