دەزگای ئاسایشی هەرێم دەستگیرکردنی پێنج تیرۆریستی راگەیاند
بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش, لەسێ ئۆپراسیۆندا لەدەوروبەری سلێمانی توانی پێنج تیرۆریستی داعش دەستگیربکەن.
دەزگای ئاسایشی هەرێم دەڵێت، لەماوەی ڕۆژانی ١٩-٢٣-٢٠٢٥/١/٢٦بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش بەهەماهەنگی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق لەچەند ئۆپراسیۆنێکدا، لەسەر بنەمای زانیاری هەواڵگری، بەبڕیاری بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، دوای بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاری ورد و دەستنیشانکردنی شوێنی تیرۆریستان توانیان پێنج تیرۆریستی داعش لە دەوروبەری سلێمانی دەستگیربکەن بەناوەکانی(ص ث ع)،(و ا ر)،(ص س ص)،(م ع ح)،(خ ب ع)، سەرجەمیان داواکراوی دادگاکانی عێراق بوون.
دەشڵێت، تیرۆریستان بەمەبەستی خۆحەشاردان ڕوویان لە دەوروبەری سلێمانی کردبوو کە لەماوەی ڕابردوودا چەندین خولی شەرعی و سەربازیان بینیوە. لەئێستادا تۆمەتباران بەماددەی چواری تیرۆر راگیراون و رووبەرووی یاساکراونەتەوە و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەردەوامە.
