دەستبەسەرکردنی فەرمانبەرێکی پەروەردەی نەینەوا لە کاتی وەرگرتنی بەرتیلدا
ئەمڕۆ سێشەممە،دەستەی دەسپاکی فیدرڵی،دەستگیرکردنی فەرمانبەرێکی لە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی پارێزگای نەینەوا ڕاگەیاند،بەهۆی تێوەگلانی لە تاوانی وەرگرتنی بەرتیل.
لە ڕاگەیەندراوێکی دەستەکەدا کە دەستی ئاژانسی موتەڵع کەوتووه ،تیایدا هاتووە: "پرۆسەکە لەسەر بنەمای بڕیاری دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی نەینەوا (تایبەت بە کەیسەکانی دەسپاکی) ئەنجامدراوە، و تیمێک لە بەڕێوەبەرایەتی لێکۆڵینەوەی نەینەوا توانیویانە فەرمانبەرێک لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگاکە دەستگیر بکەن، کە بڕێک پارەی وەک بەرتیل وەرگرتبوو.
وەک ڕاگەیەندراوەکە ڕوونیکردۆتەوە: ئەو فەرمانبەرە پارەکەی لە بەرامبەر بەڵێنی دەرکردنی فەرمانی گواستنەوەی فەرمانبەرێکی تری یەکێک لە فەرمانگە حکومییەکان وەرگرتووە، و پارەی بەرتیلەکەش لە لای تۆمەتبارەکە دەستی بەسەردا گیراوە.
لەکۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە : کۆنووسێکی یاسایی بۆ پرۆسەکە ڕێکخراوە و تۆمەتبارەکە لەگەڵ بەڵگەنامەکاندا ڕادەستی دادوەری لێکۆڵینەوە کراون،و دادوەر بڕیاریدا لێکۆڵینەوە بەپێی بڕیاری ژمارە (160ی ساڵی 1983ی هەموارکراو) دەستپێبکات و تۆمەتبارەکەش بەند بکرێت تا تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان.
