دەستپێکردنی پڕۆژەی ئۆتۆماتیکیکردنی مامەڵەی فرۆشتن و گواستنەوەی موڵک لە وەزارەتی داد
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، پڕۆژەی بەدیجیتاڵکردنی مامەڵەکانی کڕین و فرۆشتن و گواستنەوەی خاوەندارێتی لە فەرمانگەی گشتیی تۆماری خانوبەرەی سەر بە وەزارەتی داد ڕاگەیاند؛ هاوکات ڕێنمایی دا بە کارکردن بۆ پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری بە هاووڵاتییان لەگەڵ مسۆگەرکردنی تەواوکردنی مامەڵەکان و پاراستن و دابینکردنی ئاسایشی زانیارییەکان.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیران لە ڕاگەیەندراوێکدا کە دەستی ئاژانسی موتەڵع کەوتووە، ڕایگەیاند: محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیران، لە ڕێگەی بازنەیەکی تەلەفزیۆنییەوە، پڕۆژەی بەدیجیتاڵکردنی مامەڵەکانی کڕین و فرۆشتن و گواستنەوەی خاوەندارێتی لە فەرمانگەی گشتیی تۆماری خانوبەرە و لقەکانی سەر بە وەزارەتی داد ڕاگەیاند.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، سەرۆکوەزیران پیرۆزبایی لە هەموو کارمەندانی ئەم پڕۆژە گرنگە کرد کە لەگەڵ ئاراستەی حکومەت بۆ چاکسازیی کارگێڕی و دارایی و شەفافیەت لە مامەڵەکاندا دەگونجێت، بەتایبەت ئەوانەی پەیوەندییان بە مافی هاووڵاتییانەوە هەیە، جەختیشی کردەوە کە فەرمانگەی تۆماری خانوبەرە یەکێکە لەو فەرمانگانەی دەوڵەت کە زۆرترین سەردانیکردنی هاووڵاتییانی هەیە بەهۆی پەیوەندی کارەکانی بە مافی خاوەندارێتی و گواستنەوەی.
ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم پڕۆژەیە هەنگاوێکی گرنگە بۆ کەمکردنەوەی ڕۆتین و سنووردانان بۆ دواکەوتنی تەواوکردنی مامەڵەکان ، ئەمە هەنگاوێکی ڕاستە لە ئاراستەی چاکسازیی کارگێڕی و گۆڕانکاری لە سیستمی کاغەزییەوە بۆ سیستمی ئەلیکترۆنی کە حکومەت لە چەندین جومگەدا کاری لەسەر کردووە بۆ بەدیهێنانی گۆڕانکاریی دیجیتاڵی و هاوتەریببوون لەگەڵ پێشکەوتنی خێرای جیهان.
سەرۆکوەزیران جەختی کردەوە کە سیستمی ناو ئەم پڕۆژەیە پێویستی بە وردبینی زیاتر و نوێکردنەوەی بەردەوام هەیە تاوەکو دڵنیابین لەوەی جێبەجێکردنەکەی بە شێوەیەکی دروست دەبێت، و پێویستە کارمەندانی ئەم سیستمە خاوەن شارەزایی و لێهاتوویی پێویست بن.
سودانی ڕێنمایی دا بە کارکردن بۆ پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری بە هاووڵاتییان لەگەڵ مسۆگەرکردنی تەواوکردنی مامەڵەکان و پاراستن و دابینکردنی ئاسایشی زانیارییەکان بە باشترین شێوە بۆ پاراستنی موڵک و ماڵی هاووڵاتییان،جەختیشی لەسەر گرنگیی پڕۆسەی بەستنەوە بە فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی ترەوە کردەوە، کە تێیدا ڕێنمایی دەدرێتە وەزارەتەکانی ناوخۆ و دارایی بۆ خێراکردنی تەواوکردنی ڕێکارەکانی بەستنەوەی ئەلیکترۆنی بە مەبەستی تەواوکردنی پڕۆسەکانی وردبینی و جێبەجێکردنی مامەڵەکان.
