دەستەى دادوەریى هەڵبژاردن سەرجەم تانەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕەتکردەوە
دەستەى دادوەریى هەڵبژاردن وەڵامى سەرجەم تانەکانى لەبارەى ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دایەوە و گشت تانەکانی ڕەتکردەوە.
جومانە غەلاى، گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە میدیاکاتی راگەیاند: "سەرجەم تانەکان رەتکراونەتەوە".
41 تانە لەبارەى ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان پێشکێش بە کۆمیسیۆن کرابوون کە 30ـى تشرینى یەکەم راگەیێندرا.
زۆرینەى ئەو تانانەى پێشکێش بە کۆمیسیۆن کراون، لە سنوورى بازنەى سلێمانى بوون کە 25 تانە بوون، لە هەولێر 12 تانە، لە دهۆک 3 تانە و لە هەڵەبجەش تەنیا یەک تانە پێشکێش کراوە.
عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق رایگەیاند: "دوایین قۆناخ پەسندکردنى ئەنجامەکانە لەلایەن ئەنجوومەنى کۆمیسیارانەوە لە دواى گەڕانەوەى وەڵامى تانەکان".
هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان لە 20ـى تشرینى یەکەم بەڕێوەچوو، پارتى لە ریزبەندى یەکەم بوو بە بەدەستهێنانى 39 کورسی و یەکێتى بە 23 کورسی لە ریزبەندى دووەم بوو.
