دەستەی مافی مرۆڤ راگەیەندراوێکی لەبارەی نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن بەغداوە بڵاوکردەوە
ئەمڕۆ هەینی ،دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکى لەبارەی نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بڵاوکردەوە ،ئاماژەی بەوەکرد بڕیاری راگرتنی مووچەی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغدادەوە بەهەر بیانوویەک بێت پێچەوانەی بنەماکانی دەستوور و بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵیە
وتیشی، “بڕینی قوتی خەڵک کە مافی خۆیانە بۆ ژیانکردن، تاوانێکی گەورەیە، ئەوە جگە لەوەی مووچەخۆران تووشی دڵەڕاوکێ و ترس دەکات و کاریگەریی گەورە لە بازاڕ و کاسپیی هاوڵاتییان دەکات”.
دەستەى مافى مرۆڤ باسی لەوەشکرد، لەکاتێکدا چەند رۆژێک ماوە بۆ جەژنی قوربان، لەبری ئەوەی بەغداد زووتر مووچە بنێرێت تاوەکو خەڵک بۆ جەژن پێداویستیەکانیان دابینبکەن، کەچی بڕیاری نەناردنی موچەیان دا و مووچەخۆرانیان هەناسەسارد کرد.
دووپاتیشیدەکاتەوە، تێکەڵکردنی مووچەی هاوڵاتییان بەهەر پرسێکی دیکە، کارێکی رێگەپێنەدرا و نادەستوورییە.
داواش لە سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکات هەرچی زووە مووچەی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان بنێرێت و، بۆ چارەسەری کێشەکانیش هەوڵبدەن بگەڕێنەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و دانوستاندن و پشتبەستن بە دەستوور و رێککەوتنەکان.
دەستەکە داوای لە بەرپرسان و نوێنەرانی کوردستان لە بەغداد دەکات هەموو هەوڵێکی دیبلۆماسی و دەستووری بگرنەبەر بۆ دابینکردنی مووچە و شایستەکانی هەرێمی کوردستان و ناردنی مووچە پێش جەژن، چونکە چیتر فەرمانبەران بەرگەی ئەو سزایانە ناگرن کە بەرامبەریان دەکرێت.
