دەستەی پەیوەندییەكان دەستپێكردنی بەدواداچوون بۆ ڕێساكانی بێدەنگی هەڵبژاردن ڕادەگەیەنێت
ئەمڕۆ شەممە دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەكان ،دەستپێكردنی جێبەجێكردنی ڕێساكانی بێدەنگی میدیای لە سەرانسەری هەموو دامەزراوە و پلاتفۆرمەكانی میدیا ڕاگەیاند.
بەڕێوەبەری بەشی بەدواداچوونی میدیا لە دەستەكە بەپێی ئاژانسی هەواڵی فەرمی کەموتەڵع بەدواداچوونی بۆ کردووە ڕایگەیاند : دەستەكە لە كاتژمێرەكانی سەرەتای ئەمڕۆوە دەستیكرد بە چاودێریكردنی جێبەجێكردنی ڕێساكانی بێدەنگی میدیا لە سەرجەم دامەزراوە و پلاتفۆرمەكانی ڕاگەیاندن لە ناوخۆی عێراق، بە پشتبەستن بە فەرمانگەی ژمارە (73) كە لە لایەن بەشی پەیوەندیی ڕاگەیاندنەوە دەرچووە.
ئاماژەی بەوەشكرد : پرۆسەی چاودێریكردنەكە لەڕێگەی ژوورەكانی چاودێری ناوەندی و لقەكانەوە لە فەرمانگەكانی دەستەكانە لە پارێزگاكان ئەنجامدەدرێت، كە تیمە تایبەتمەندەكان چاودێری سەرجەم پەخشەكانی هەواڵ و بەرنامە سیاسییەكان و ڕووماڵە ڕاستەوخۆكان و ناوەڕۆكەكان دەكەن كە لەسەر پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەكان بڵاودەكرێنەوە، بۆ دڵنیابوون لە پابەندبوونی تەواو بە ڕێنماییەكانی بێدەنگی میدیاكان، كە ئامانجیان بەدەستهێنانی دادپەروەری و دەرفەتی یەكسانە لەنێوان كاندیدەكاندا ڕوونیشیكردەوە : تیمەكانی چاودێری پشت بە سیستمی پێشكەوتووی بەدواداچوون و ڕاپۆرتی وردی ڕۆژانە دەبەستن، كە ئاراستەی بەشی ڕێكخستنی میدیا دەكرێن، ئاماژەی بەوەشكرد هەر سەرپێچییەكی بەڵگەنامەیی ڕەوانەی لایەنە پەیوەندیدارەكانی ناو دەستەكە دەكرێت بۆ ئەوەی ڕێكاری یاسایی بەپێی پەیڕەوی پەسەندكراو بگرنەبەر.
ڕوونیشی كردەوە : كە ڕێوشوێنە سزاییەكان بەرامبەر سەرپێچیكاران لەوانەیە هۆشداری، سەرزەنشت، پێژماردن، یان ڕاگرتنی كاتی پەخشكردن لەخۆ بگرێت، ئەمەش بەگوێرەی جۆر و توندی و كاریگەریی پێشێلكارییەكە لەسەر بیروڕای گشتی، جەختیشی كردەوە كە ئامانجی سەرەكی ئەم ڕێوشوێنانە خودی سزا نییە، بەڵكو دڵنیابوونە لە پابەندبوونی هەمووان بە ڕێساكانی یەكپارچەیی پیشەیی و پاراستنی پرۆسەی دیموكراسی.
لە كۆتاییدا وتی : دەستەكە ڕۆڵی نیشتمانی ڕۆژنامەنووسان و دەزگاكانی ڕاگەیاندن بەرز دەنرخێنێت كە پابەندی ڕێنماییەكان بوون، داوای لە هەموو دەزگاكانی ڕاگەیاندن كرد كە بەردەوامی ئەم ڕێبازە پیشەییانەیە، كە متمانەی گشتی بە پرۆسەی هەڵبژاردن بەرز دەكاتەوە و دیمەنێكی میدیایی هاوسەنگ دەپارێزێت لەم قۆناغە چارەنووسسازەدا.
