دەوڵەتی یاسا: مالکی تەنها کاندیدە بۆ سەرۆکایەتی وەزیران و لە ماوەی 15ڕۆژدا یەکلایی دەکرێتەوە
عەدیلە حەمود، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا پێشهاتی نوێی لەناو "چوارچێوەی هەماهەنگی" سەبارەت بە دۆسیەی سەرۆکایەتی وەزیران ئاشکرا کرد و جەختی کردەوە کە ئەو ململانێیەی لە نێوان محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی ئێستا و نوری مالکی، سەرۆکی هاوپەیمانییەکەدا هەبو، لە بەرژەوەندی مالیکی یەکلایی بوەتەوە.
عەدیلە حەمود، ئەمڕۆ دوشەممە لە لێدوانێكدا بە ڕۆژنامەی "الصباح"ی فەرمی ڕاگەیاندوە، میدیاکان و هێزە سیاسییەکان چەندین ناویان هێنابو، بەڵام ململانێی ڕاستەقینە لە نێوان هەردو جەمسەرەکەی چوارچێوە (سودانی و مالکی) بو.
ئاماژەی بەوەشکرد، "سودانی بە فەرمی لە کاندیدبونی کشایەوە و پێشوازی لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتی حکومەتی داهاتو لەلایەن مالکییەوە کرد". ڕونیشیکردەوە کە هێنانە پێشەوەی ناوی مالکی لە ناو هۆڵەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیدا دوای ئەوە هات کە لایەنەکان ڕاسپێردران بۆ یەکلاییکردنەوەی کێبڕکێی نێوان کاندیدەکان.
ئاماژەی بەوەشکرد کە "نوری مالکی دوای لێکتێگەیشتنە ناوخۆییەکانی ئەم دواییە، ئێستا بوەتە تاکە کاندیدە و ڕێککەوتنی ناوخۆیی کۆتایی" بە ناکۆکییەکان هێناوە. سەبارەت بە کاتەکانیش، حەمود جەختیکردەوە کە "ماوەی داهاتوو لە 15 ڕۆژ تێپەڕ ناکات"، ئەوەش وەک پابەندبون بە دەقە دەستورییەکان بۆ تەواوکردنی پڕۆسەی ڕاسپاردنی فەرمی و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت.
