رۆیتەرز: وادەی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم نزیك نییە
ئاژانسی رۆیتەرز، ئەمڕۆ هەینی، بڵاویكردۆتەوە كە وادەی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان، "نزیك نییە"، ئەوەش لەكاتێكدایە كە بەپێی رێككەوتنەكەی نێوان بەغداو هەرێم، دەبێت پێشتر هەناردەی نەوت دەستپێبكاتەوە ئینجا بەغدا موچەی مانگی پێنجی فەرمانبەرانی هەرێم دەنێرێت.
ئاژانسی رۆیتەرز، ئەمڕۆ هەینی لە زاری چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە بڵاویكردۆتەوە كە وادەی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان نزیك نییە، هەرچەندە بەگوێرەی رێككەوتنی نێوان بەغداو هەرێم دەبێت دەستبەجێ دەست بە هەناردەكردنەوەی نەوتەكە بكرێتەوە.
سەرچاوەیەك لە كۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی كوردستان-ئەپیكۆر، بە ئاژانسەكەی وتوە، هەناردەكردنەوەی نەوت بەندە بەوەی كە رێككەوتنی نوسراویان رادەست بكەن.
هەروەها سەرچاوەیەكی دیكە لە كۆمپانیاكانی "كار گروپ"، كە هێڵی بۆری نەوتی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا بەڕێوەدەبات، بە رۆیتەرزی وتوە، هێشتا هیچ ئامادەكارییەك نەكراوە بۆ هەناردەكردنەوەی نەوت.
