رەشید : پتەوکردنی هاریکاریی هەرێمی بۆ مسۆگەرکردنی مافه ڕەواکانی عێراق له دۆسیەی ئاو
بەناوی سەرۆک کۆمار دکتۆر لەتیف جەمال ڕەشید ، ڕاوێژکاری سەرۆکایەتی کۆمار محەمەد ئەمین فارس بەشداری لە چالاکیەکانی پێنجەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ئاوی بەغدا کرد کە ڕۆژی شەممە 24 ی ئایار لە بەغدا بەڕێوەچوو لەژێر دروشمی ( ئاو و تەکنەلۆژیا ... هاوبەشی بۆ گەشەسەندن).
سەرۆکایەتی کۆمار لەڕاگەیەندراوێکدا کەدەستی موتەڵع کەوتووە بڵاویکردەوە" محەمەد ئەمین وتاری سەرۆک کۆماری پێشکەش کرد و تێیدا سڵاوی جەنابیان بۆ ئامادەبووان و بایەخدانی زۆری خۆی بەم کۆنفرانسە گەیاند کە لە کاتێکی هەستیاردا دێت کە تەحەداکانی پەیوەست بە ئاو و گۆڕانی کەشوهەوا و کاریگەرییە ئابووری و مرۆیی و ژینگەییەکانیان لە زیادبووندایە.
وتیشی ڕاوێژکار ئاماژەی بەوەدا کە قەیرانی ئاو لە عێراق چیتر تەنیا دۆسیەیەکی تاکڕەهەند نییە، بەڵکو مەسەلەیەکی نیشتمانی گشتگیرە کە پێویستی بە یەکخستنی دیدگاکان و هەماهەنگی هەوڵەکانی نێوان سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان و کارکردن بەپێی ستراتیجی زانستی کە پاراستنی سەرچاوە ئاوییەکانمان بۆ نەوەکانی داهاتوو مسۆگەر بکات، ڕوونیشیکردەوە کە پێگەی عێراق وەک وڵاتێکی خوارووی ئاو لە حەوزی دجلە و فورات تەحەدایەکی گەورە دروست دەکات بەهۆی پشتبەستنی بە ئاوی دەرەوەی سنوورەکانی، بەتایبەتی لە تورکیا و ئێرانەوە و تەئکیدیشی لەسەر پێویستی گەیشتن بە ڕێککەوتنی پتەو و دادپەروەرانە بەتایبەتی لەگەڵ تورکیا لەسەر پشکی ئاوی عێراق. بەشێوەیەک کە مافە مێژووییەکانی بۆ ئەم سەرچاوە گرنگانە مسۆگەر بکات.
محەمەد ئەمین فارس لە کۆتایی وتاری سەرۆک کۆمار ڕایگەیاند ئەم کۆنفرانسە بە شارەزایان و پسپۆڕان و بەرپرسەکانیەوە خاڵی دەستپێکێک بۆ دیالۆگی زانستی و بەرهەمە پراکتیکی کە یارمەتیدەرە لە داڕشتنی نەخشەڕێگایەکی ڕوون بۆ ئاسایشی ئاوی بەردەوام.
