زێدان لەگەڵ شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان باس لە پتەوکردنی هەماهەنگی نێوان دەسەڵاتە دەستوورییەکان دەکات
فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەگەڵ وەفدێکی پارتی دیموکراتی کوردستان پرسی بەهێزکردنی هەماهەنگی و هاوکاریی تاوتوێ کرد بە مەبەستی چەسپاندنی زیاتری سەروەریی یاسا.
لە ڕاگەیەندراوێکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریدا کە دەستی ئاژانسی هەواڵی موتەڵع کەوتووە، هاتووە: فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، پێشوازی لە وەفدێکی پارتی دیموکراتی کوردستان کرد بە سەرۆکایەتی فازڵ میرانی، و بە یاوەری نەوزاد هادی ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتەکە، و ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، و فارس عیسا سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا
ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە: دادوەر زێدان لەگەڵ وەفدە میوانەکەدا ژمارەیەک لە پرسە جێبایەخە هاوبەشەکان و بەهێزکردنی هەماهەنگی و هاوکاری نێوان دەسەڵاتە دەستوورییەکانی تاوتوێ کرد، بە جۆرێک کە بەشدار بێت لە چەسپاندنی سەروەریی یاسا.
لە لای خۆیانەوە، وەفدی پارتی دیموکراتی کوردستان ستایشی هەوڵەکانی ئەنجومەنی باڵای دادوەرییان کرد لە چەسپاندنی دادپەروەری و بەهێزکردنی سەقامگیریی دامەزراوەیی لە وڵاتدا
