ساختەکاری و ماددە هۆشبەرەکان و تیرۆر... تێلێگرام لە ژێر مایکرۆسکۆپی ڤێتنامدایە
ئاژانسی ڕۆیتەرز بە پشتبەستن بە بەڵگەنامەیەکی حکومی بڵاویکردەوە، وەزارەتی زانست و تەکنەلۆجیای ڤێتنام بڕیاری قەدەغەکردنی ئەپی تێلیگرام لەو وڵاتە دەرکردوە، ئەوەش دوای ئەوەی كە كۆمپانیاكە ڕەتی كردوەتەوە داتاكانی پەیوەست بە بەكارهێنەران بداتە حكومەت.
بەگوێرەی بەڵگەنامەیەكی حكومەتی ڤێتنام، داتاکانی پۆلیسی ڤێتنام ئاماژە بەوە دەکەن کە 68%ی نۆ هەزار و 600 کەناڵ و گروپی تێلیگرامی وڵاتەکە، یاساکان پێشێل دەکەن و كاری ساختەکاری، بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و تیرۆری تێدا ئەنجامدەدرێت.
ئاماژەی بەوەشكردوە، وەزارەتی تەکنەلۆژیای ڤێتنام ڕێنمایی دابینکەرانی پەیوەندییەکانی کردوە کە ئەپی تێلیگرام بلۆک بکەن، بەهۆی ڕەتکردنەوەی هاوکاریکردن لە بەرەنگاربونەوەی ئەو تاوانانەی کە گوایە بەکارهێنەرانی ئەنجامیانداوە.
هەروەها فەرمان بە کۆمپانیاکانی پەیوەندییەکان کرا کە قەدەغەکردنەکە جێبەجێ بکەن و تا ڕۆژی 2ـی مانگی داهاتو، وەزارەت لە ئەنجامی ڕێکارەکان ئاگادار بکەنەوە.
وتەبێژی وەزارەتەکە ڕەسەنایەتی بەڵگەنامەکەی پشتڕاستکردەوە و ئاماژەی بەوەداوە، قەدەغەکردنەکە دوای ئەوە هات کە تێلیگرام ڕەتیکردەوە داتای بەکارهێنەران بدات بە ڤێتنام لە وەڵامی داواکارییەکانی پەیوەست بە لێکۆڵینەوە تاوانکارییەکان.
